نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی گرفتی كەمی كارمەندی هەیە

نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی بەدەست کەمی کارمەندەوە دەناڵێنێت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە دەڵێت، سێ بەشی نوێ كراوەتەوە، بەڵام كارمەندیان كەمیكردووە و لۆدێكی زۆریان لەسەرە.

دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی ڕایگەیاند، پێش دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوە و کردنەوەی بەشی تازە تەنها سێ نهۆمی نەخۆشخانەکە نەخۆشی تێدا دەخەوێنرا، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکە لەئێستادا شەش بەش واتە دوو ئەوەندەی جاران بەشەکانی نەخۆشی تێدا دەخەوێنرێت. لەداهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی تریش دەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەت منداڵان.

وتیشی، “بەداخەوە لەگەڵ زیادبوونی توانای وەرگرتنی نەخۆش بۆ دوو ئەوەندە کارمەندمان نەک زیادی نەکردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهۆی خانەنشینکردن و بەشێکیشیان بەهۆی گواستنەوەیان زۆر کەمی کردووە”.

دەربارەی دۆخی كارمەندەكانی ئێستای نەخۆشخانەكەش پشدەر عەبدوڵا دەڵێت، “کارمەندەکانمان زۆر هیلاکن و ماندوون بەهۆی لۆدێکی زۆری نەخۆش” و دەپرسێت، لە کام نەخۆشخانەی دونیادا هەیە یەک کارمەند فریای چارەسەری پانزە بۆ بیست نەخۆش بکەوێت؟ “لەکاتێکدا بەشێک لە کارمەندەکانمان تەمەنیان زۆرە و وەک پێویست توانای جارانیان نیە”.

لەدوای قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانەوە دامەزراندن ڕاگیراوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان دەڵێت، چەندین جار داوایانکردووە دامەزراندن بکرێتەوە بەتایبەت بۆ نەخۆشخانەکە ئەوان، بەڵام نەكراوە.

بابەتی پێشتر

دیالە.. داعش چوار هاوڵاتیی ڕفاند

بابەتی دواتر

یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر کۆمەڵەیەکی سەربازیی ڕوسیادا سەپاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كونسوڵگەریی ئەمریكا لەبارەی بوونی پەیوەندی بە دەستگیركراوانی بادینانەوە، بۆ ئێستا دەدوێت

وتەبێژی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە وەڵامی تۆمەتباركردنی دەستگیركراوانی بادینان بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ كونسوڵگەریی ئەمریكا، كونسوڵگەرییەكە دەڵێت،…
Total
0
Share