لەكاتێكدا جیهان سەرقاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بوو، ڕۆژی چوارشەممە لە عێراق بزوتنەوەیەكی سیاسی نوێ لەژێر ناوی (عهد اللە- پەیمانی خوا) كە وادەردەكەوێت لایەنگر و پشتیوانی ئەجێنداكانی ئێران بێت ڕاگەیەنرا.
ڕاگەیاندنی بزوتنەوەكە كە دوێنێ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەم بوو لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەردەوامە لە تۆماركردنی داخوازی لایەنە سیاسیە نوێیەكان وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هاشم حەیدەری، سەركردەی بزوتنەوە نوێیەكە، كە بە پیاوێكی ئاینی نزیك لە ئێران ئەژماردەكرێت، لە بەیاننامەی دامەزراندندا ڕایگەیاند، “دەبینە ڕۆڵەی پەیمانی خودا، ڕۆڵەی ئیمام خامنەیی و خومەینی لە عێراق” و دوپاتیشیكردەوە كە “بزوتنەوەكە ئاینیی، ئیسلامییە، باوەڕێكی تەواوی بە ئیسلام و فەرمانڕەوایی نەتەوە هەیە”.
ڕوونیشیكردەوە كە “ئامانجی بزوتنەوەكە و هێڵ و پڕۆژەكەی بریتییە لە ئیسلام و ویلایەتی فەقێ”.
حەیدەری لەگەڵ پشتیوانییەكانیدا بۆ ئێران و ڕابەرەكانی هیچ هەڵوێستێكی دەربارەی بوونی ئەمریكا نەخستەڕوو، كە ئایا لە بەرژەوەندییەكانی لە عێراقدا دەدات، یان پابەنددەبێت بەو ئاگربەستەی گروپە لایەنگرەكانی ئێران لەگەڵ واشنتن-دا ڕایانگەیاندووە.
دامەزراندنی بزوتنەوەكە لەم دۆخەی ئێستای عێراق و ناوچەكەدا كاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێناوە.
شاهۆ قەرەداغی، توێژەری بواری عێراقی لە تویتێكدا دەڵێت، “هاوڵاتی چاوەڕوانی موچە دواكەوتووەكان و ئەنجامی لیژنە هاوبەشەكان و كۆتایی هاتنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتییە، لەوكاتەدا بەڕێز هاشم حەیدەری دەردەچێت و مژدەی دامەزراندنی بزوتنەوەیەكی نوێ بەناوی (عهد اللە) بە عێراقییەكان دەدات”.
لای خۆیەوە وائل عەبدولـلەتیف، پەرلەمانتاری پێشوو ڕایگەیاندووە كە زۆرینەی حزبە سیاسیەكانی عێراق پابەندنین بە یاسای حزبەكان-ی ساڵی 2015 كە ڕێگری دەكات لەوەی پارەیان لە دەرەوەی پێبدرێت، یان گرێدراوی لایەنی دەرەكی بن.
ئەوەشی وت، ئەو لایەنانە “دەرگای دەستێوەردانیان لە كاری هێزە چەكدارەكان و دەستە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای بەشبەشێنە كردووەتەوە”.