جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەگەری ڕوودانی “داگیركاریی ڕوسیا” بۆسەر ئۆكرانیا بەدووردەزانێت و دەڵێت، ئەمریكا بەشێوەیەكی سەیر لەبارەی ئەو پرسەوە دواوە.
سێرگی ڕیابكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەمریكییەكان بەشێوەیەكی زۆر ناڕوون باس لە بیرۆكەی بوونی هەڕەشەی “داگیركاریی ڕوسیا” بۆسەر ئۆكرانیا دەكەن. ئەمە بوونی نییە و ناكرێت ڕووبدات. ئەوەش كە لەسەر خاكەكەمان ئەنجامیدەدەین، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەوانەوە نییە، هیچ مافێكی ئەخلاقی یان سیاسییان نییە بۆ ورووژاندنی ئەم پرسە لەسەر ئەو ئاستە”.
پێشتر دیمیتری بیسكۆڤ، وتەبێژ بەناوی كرملین ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا بە جۆ بایدن-ی هاوتا ئەمریكییەكەی وتووە كە هێزەكانی ڕوسیا لەسەر خاكی یەكێتیی ڕوسیا بڵاوەپێكراون و هەڕەشەنین بۆسەر كەس.
پێشتر ڕوسیا چەند جارێك وەك وەڵامێك بۆ تۆمەتەكانی خۆرئاوا دوپاتیكردووەتەوە كە هەڕەشە لە كەس ناكات و نایەوێت هێرش بكاتەسەر كەس، بەڵام ئەو كارانە پشتگوێناخات كە ئەگەریان هەیە مەترسیداربن بۆسەر بەرژەوەندییەكانی.
سێشەممەی ڕابردوو هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و ڕوسیا لەڕێی ڤیدیۆوە گفتوگۆیەكیان ئەنجامدا، ئەمەش لەدوای ناكۆكییەكان دەربارەی قەیرانی ئۆكرانیا.
هەریەك لە پوتین و بایدن ژمارەیەك پرسی مایەی گرنگیپێدانی هاوبەشیان تاوتوێكرد، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئاسایشی ستراتیجی، قەیرانی ئۆكرانیا، ئەفغانستان و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران.
ماوەیەكە ڕوسیا، بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین، هێزێكی زۆری سەربازی ناردووەتە سنوورەكانی لەگەڵ ئۆكرانیا، ئەوروپا و وڵاتانی خۆرائاوا لەو هەنگاوە نیگەرانن و دژی هەر دەستوەردان و هەڕەشەیەكی ڕوسیان لە ئۆكرانیا.