ڕێکخراوی CPJ بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاماری ئەمساڵی دەستگیرکردن و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسانی لە جیهاندا بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە 293 ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا دەستگیرکراون، لە عێراقیش چوار ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.
بەپێی ئامارەكەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ ئەو چوار ڕۆژنامەنووسەی عێراق، هەموویان ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكانی بادینانن، كە زیاتر لە ساڵێكە دەستگیركراون و سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.
ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان بریتین لە (گوهدار زێباری، ئومێد بەرۆشكی، قارەمان شوكری و شێروان شێروانی) ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراوی بادینان، كە لە ئێستادا لە هەولێر و دهۆك زیندانیكراون.
ئامارەکەی CPJ ئاشکرایدەکات، لە تورکیا 18 ڕۆژنامەنووس لە زینداندان و ڕۆژنامەنووسی کوردیشی تێدایە.
لە وڵاتی ئێرانیش 11 ڕۆژنامەنووس لە زینداندان و لەو ژمارەیەش ڕۆژنامەنووسی کوردی تێدایە، کە تەنها لەبەر وەرگێڕانی کتێبێک لەسەر کوردانی ڕۆژئاوا دەستگیرکراوە.