حكومه‌تى هه‌رێم ته‌رمى كۆچبه‌ره‌ كورده‌كانى نێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا ته‌رمی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌ی 24ی مانگی ڕابردوو له‌ ئاوه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا خنكان.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند، حکومەتی هەرێم فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمـی لە فەرەنسا ڕاسپاردووه‌ تاوەکو هەر کارێك کە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ڕووداوه‌كه‌ی 24ی مانگی ڕابردوو كه‌ له‌ ئاوه‌كانی نێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا خنكان ئه‌نجامی بده‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، پێشتر فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تەواوی ئەو کارانەیان ئەنجام دا کە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاوڵاتییە کوردانەی کە لەو بەلەمەدا بوون.

هەروەها هەماهەنگییەکی تەواویان هەبوو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیسی فه‌ره‌نسا و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هاتووه‌، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی فەرەنسا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو هاوڵاتییە کوردانە بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێکاری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو قوربانیانە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووه‌، ئه‌و لیست و ژمارەی ئەو قوربانیانەى کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێک میدیا بڵاو کرایەوە، فه‌رمی نیه‌ و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی فه‌ره‌نسا‌ پشتڕاستیان نەکردووەتەوە، بۆیه‌ لە دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ناسنامه‌ی قوربانییان ڕاده‌گه‌یێندرێت.

بابەتی پێشتر

له‌ژێر فشارى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ هێنانه‌وه‌ى كەسوكاری چه‌كدارانى داعش

بابەتی دواتر

ئەوکاتەی پوتین شۆفێری تاکسی بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share