توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایدەكات، ڕاكردن بەخێرایی مامناوەند بۆ ماوەی 10 خولەك بەسە بۆ باشكردنی میزاج و ئەركەكانی مێشك، ئەمەش ئەو ئەنجامانەیە كە تێگەیشتنی باشتر لەبارەی چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان ڕاهێنانە جەستەییەكان بە تەندروستیی مێشكەوە نیشاندەدات.
توێژینەوەكە بەتایبەت هەڵسەنگاندنی بۆ بەشی (PFC)ی تایبەت بە مێشك كردووە، ئەو بەشەی مێشك كە پەیوەندیدارە بە ئەركی جێبەجێكردن و كۆنتڕۆڵكردنی میزاج، توێژەران ئاشكرایانكرد، ڕاكردن بووەتەهۆی زیادبوونی پاڵنانی خوێن لەم بەشەدا.
ڕاكردن تا ڕادەیەك كارێكی ئاسانە بۆ زۆرێك لە ئێمە تا ئەنجامیبدەین، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە كەلوپەلی تایبەت یان ڕاهێنان بۆ دەستپێكردنی نییە، سەلمێندراویشە كە دەبێتە هۆی تەمەن درێژی، پێدەچێت هەموو ئەو جووڵە ڕێكخراوانە وزەی باشتر بداتە مێشك.
هیدیاكی سۆیا، زانای كیمیای زیندەگی لە زانكۆی تسۆكۆبا لە ژاپۆن دەڵێت، بەهۆی ئاستی كۆنتڕۆڵی جێبەجێكردنی خوازراو لە ڕێكخستنی هاوسەنگی و جووڵە و پاڵنان لەكاتی ڕاكردندا، لۆژیكییە كە دەبێتە هۆی زیادبوونی چالاكیی مێشك لە بەشی (PFC) و، ئەركەكانی دیكەی ئەو بەشە سوودمەند دەبێت.
دەزانین كە ڕاهێنان و وەرزشكردن دەشێت ببێتەهۆی باشكردنی تەندروستیی عەقڵی و جەستەیی بە چەندین ڕێگە، بەڵام كاتێك پرسەكە پەیوەندیدار دەبێت بە تەندروستیی مێشك، بەشێكی كەم لە شیكردنەوە هەن دەربارەی سوودە دیاریكراوەكانی ڕاكردن، بەراورد بە چالاكییە جەستییەكانی دیكەی وەك پاسكیلسواری.
توێژەران دەڵێن، ئەگەر بكرێت ڕاهێنان بە شێوەیەك لە شێوەكانی پزیشكی دابنرێت، جۆرە جیاوازەكانی ڕاهێنان هاوشێوەی جۆری جیاوازی دەرمانە- لە ئێستادا ئێمە زیاتر لە بارەی كاریگەریی ڕاكردنەوە دەزانین لەگەڵ چۆنیەتی بەكارهێنانی وەك جۆرێك لە جۆرەكانی چارەسەر.