ئیدارەی خۆسەر و دیموکراتیی شەنگال بڕیاری ڕاگرتنی دەوامی لە سەرجەم فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکانی ئەو شارەی دا، کاتی دەستپێکردنەوەی دەوامی دیارینەکردووە، بەڵام پێدەچێت پەیوەندیی بە ئەگەری خۆپیشاندان و هێرشكردنە سەر فەرمانگەكانەوە هەبێت.
لە بڕیارێکدا کە لە ئیدارەی خۆسەری شەنگالەوە دەرکراوە هاتووە، “ئاگاداری قەزای شەنگال و دەوروبەری دەکەینەوە، لە سەرجەم دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکان و ڕێکخراوەکان و سەرجەم دامەزراوەکان بەبێ جیاوازیی دەوام ڕادەگیرێت”.
بەپێی بڕیارەکە، ڕاگرتنی دەوام لە 12/12/2021 دەستپێدەکات تا کاتێکی نادیار بەردەوامدەبێت و هیچ فەرمانبەرێک نابێت بچێتەسەر کارەکەی.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر فەرمانبەرێک سەرپێچیی ئەو بڕیارە بکات خۆی هەموو بەرپرسیارێتییەک هەڵدەگرێت.
لای خۆیەوە خودێدا چوکی، بەرێوبەری ناحیەی سنونێ سەربە قەزای شەنگال بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانگەکانی سنووری قەزاكە لەلایەن ئیدارەی خۆسەر و دیموکراتیی شەنگال ئاگاداركراونەتەوە دەوامی فەرمانگەکانیان ڕابگرن.
لە بارەی هۆکاری بڕیارەكەشەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ وتی، “ئیدارەی خۆسەر بە ئێمەی وتووە، ڕاگرتنی دەوام لە فەرمانگەکان کاتییە و لەترسی خۆپێشاندان و ئەگەری هێرشکردنە سەر فەرمانگە حکومییەکانه بەرامبەر شەهیدکردنی هاوسەرۆكی ئیدارەی خۆسەری شەنگال، كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر فڕۆكەكانی توركیا كردیانە ئامانج”.
بۆیە بۆ سەلامەتیی فەرمانگەكان ئەو بڕیارە دراوە”، وەك ئەوەی خودێدا چوکی بە ئێستای ڕاگەیاند.