وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی ئاشكراكرد كە تا ئێستا لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەنداوە گەڕاونەتەوە.
ئەحمە سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە ڕایگەیاند، حكومەت بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كۆچبەرانەی لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا بەگیرهاتوون و دەیانەوێت بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
ئاشكرایكرد، تا ئێستا سێ هەزار و 556 كۆچبەر گەڕێندراونەتەوە و لەڕێگەی نۆ گەشتی ئاسمانییەوە بە فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراق هاتوونەتەوە وڵات.
بەپێی وتەی ئەحمەد سەحاف، تا ئێستا وەزارەتی دەرەوە 383 پاسپۆرتی داوە بەو هاوڵاتییانەی لە بیلاڕوسیا و لیتوانیا و لاتڤیا و پۆڵەندا پاسپۆرتەكانیان ونكردووە، باڵیۆخانەكانی عێراق لە مۆسكۆ و وارشۆ بە بەردەوامی كاردەكەن بۆ ئەوەی پاسپۆرت بدرێت بەو هاوڵاتییانە و بتوانن بگەڕێنەوە.
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئەگنی بایلوتایت وەزیری ناوخۆی لیتوانیا وتی، ئەو كۆچبەرانەی بە نایاسایی لە بیلاڕوسیاوە چوونەتە لیتوانیا، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان ئەوا هەر یەكێكیان هەزار یۆرۆی پێدەدرێت.