سەرەڕای ڕێگرییەكان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

دەویسترێت فێستیڤاڵی فیلم تەنها لە دهۆك بكرێت و لە سلێمانی بسەندرێتەوە!

مەلا بەختیار دووپاتیدەكاتەوە، سەرەڕای “ڕێگرییەكان”، پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لەكاتی خۆیدا و لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا مەلا بەختیار ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەم فێستیڤاڵە فشاری زۆری لەسەربوو و دەویسترا ئەنجامنەدرێت، بەڵام بەهەوڵی هەموولایەک فێستیڤاڵەکە لەکاتی خۆیدا و لەبەرواری 17ی کانونی یەکەمی 2021 پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، فێستیڤاڵی ئەمساڵ لەڕێگەی ئامادەکاران و لیژنەکانەوە کاری بۆکراوە و جیاوازتر دەبێت لە خولەکانی پێشوو.

مەلا بەختیار ڕایگەیاند، “هیوادارین فێستیڤاڵەکە لەڕووی ئیداری و دەرهێنان و هەڵسەنگاندنی فیلمەکانەوە سەرکەوتوو  بێت و تەواوکەری هەموو ئەو ئامانجانەبێت کە لە کوردستاندا بەرەو سینەماسازییەکی باش هەنگاوی بۆ دەنرێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵەکە بە ئەڵتەرناتیڤی هیچ فێستیڤاڵێکی دیکەی نازانن و وتی، “لە پۆلێنبەندیی فێستیڤاڵەكاندا، (كە لەلایەن حكومەت و وەزارەتی پەیوەندییدارەوە كراوە)، ئێمە لە فێستیڤاڵی سینەمایی سلێمانی ڕای جیاوازمان هەیە، پێمانوایە سلێمانی گرنگترین شارە لە هەرێمی کوردستان کە فێستیڤاڵ ئەنجامبدات”.

بەوتەی مەلا بەختیار، “ناکرێت سلێمانی بەهیچ بیانوو و پاساوێک بێبەشبکرێت لە فێستیڤاڵ، بەڵام لەهەر شارێکی دیکە فێستیڤاڵ سازبکرێت جێگەی شانازییە بۆ سلێمانی”.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری بەرنامەڕێژیی فێستیڤاڵەکە پلانەکانی پێنجەمین فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ ڕۆژنامەنووسان خستەڕوو، ڕایگەیاند، “لە یەکەم خولی فێستیڤاڵەوە ئێمە پلانمان ئەوەبووە ئەم فێستیڤاڵە بکەین بە ناوەندێکی ئەکادیمی، ئەمساڵ ئەو بەڵێنەمان جێبەجێکردووە”.

بۆ ئەمساڵ، فێستیڤاڵەکە لەبارەی دوو دروشمی سەرەکییەوە کاریکردووە، یەکێکیان دروشمی نێودەوڵەتییە بۆ ژینگە و ناونراوە “earth cancer”، دروشمی دووەم ناوخۆییە و لەژێر ناوی “تراژیدیای کۆچ” دەبێت.

بەڕێوەبەری بەرنامەڕێژیی فێستیڤاڵەکە، وتیشی، “لەبارەی هەردوو دروشمەکەوە فیلممان دەبێت، هەروەها پانێڵ و سیمیناریشمان دەبێت”.

یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بە فیلمێک دەستپێدەکات بەناوی “ماڵی دالیا”، فیلەمەکە سەبارەت بە تراژیدیای کۆچە.

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستگیركردنی گروپێكی سەر بە داعش لە هەڵەبجە دووپاتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

تائێستا یەکەم ژنە سەماکاری کوردت بینیوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share