چین هەڕەشەی هێرش بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا دەكات

پەكین، تایوان بە بەشێك لە خاكەكەی دادەنێت

لە پێشهاتێكی نوێدا تایبەت بە قەیرانی تایوان، چین هەڕەشەی هێرشكردنەسەر هەر ‏هێزێكی كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ بەرگریكردن لە دوورگەكە ڕەوانەی بكات، ‏پێشبینی دەكرێت دۆسیەكە ناكۆكی و هەڵكشانەكانی نێوان واشنتن و پەكین بباتە ئاستێكی ‏باڵاوە.‏

ڕۆژنامەی “گڵۆباڵ تایمز”ی چینی زمانحاڵی حزبی شیوعیی دەسەڵاتدار ڕاپۆرتێكی ‏بڵاوكردەوە و دەڵێت، پەكین ئامادەیە بۆ هێرشكردنەسەر هەر هێزێكی ئەمریكی، ئەگەر ‏ململانێی سەربازیی لە ناوچەكەدا سەرهەڵبدات.‏

هەڕەشەكەی چین دوای بەڵێنەكەی جیك سۆلیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ‏دێت، كە وتی، واشنتن “بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنادات” بە ڕوودانی داگیركاریی چین لە ‏تایوان.‏

ڕۆژنامە چینییەكە بڵاویكردەوە، “ئەم جۆرە هەڕەشانە جێی متمانە نین، بەهۆی ئەوەی ‏ویلایەتە یەكگرتووەكان ناتوانێت تێچووی بەرگری لە تایوان لەئەستۆبگرێت”.‏

زمانحاڵەكەی پارتی دەسەڵاتداری چین داواش لە سۆلیڤان دەكات “دەمە گەورەكەی ‏دابخات، تا نەبێتە هۆی ئیحراجیی زیاتری وڵاتەكەی”.‏

بۆ جەختكردنەوە لەسەر جددیبوونی هەڕەشەكەش، ڕۆژی هەینی چین 13 فڕۆكەی جەنگی ‏ڕەوانەی بواری ئاسمانیی تایوان كرد، لەنێویشیاندا هەشت شەڕكەر و دوو بۆمبی ئەتۆمی ‏و فڕۆكەیەكی سیخوری و یەكێكی دیكەی دژ بە ژێرئاوگەڕ.‏

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكەدا هاتووە، “واشنتن پێیوایە ناردنی هێزی ئەمریكی بۆ دوورگەكە ‏ئاسانە، بەڵام لە ڕاستیدا بە ئاسمانی خۆیان لەژێر هەڕەشەدا دەبیننەوە”.‏

پەكین، تایوان بە بەشێك لە خاكەكەی دادەنێت، لەكاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك ‏پێگەیەكی گرنگی خۆی لە ناوچەكەدا تەماشای دەكات.‏

بەمدواییە چین فشارە سەربازی و سیاسییەكانی بۆسەر تایوان زیادكردووە بەمەبەستی ‏قبوڵكردنی سەروەریی وڵاتەكەی لەسەری، ئەمەش توڕەیی دوورگەكەی زیادكردووە و ‏چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە كە ناچێتەژێر سایەی هەڕەشە و خاوەن مافی بەشدارییە لە ‏گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەك وڵاتێكی سەربەخۆ.‏

 

بابەتی پێشتر

كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕاڵف ڕانیك، ڕاهێنەری مانچستەر یونایتد ‏

بابەتی دواتر

دووەم بەرزترین باڵەخانەی جیهان لە تەواوبوون نزیكدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share