لیژنەیەكی ئەمریكی: فەیسبووك بۆ منداڵان سەلامەت نییە

“پلانی فەیسبوك بۆ بەئامانجگرتنی منداڵان و گەنجان مەترسیدارە”

لیژنەی پاراستنی بەكاربەر و ئاسایشی زانیارییەكانی سەر بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، فەیسبووك بۆ منداڵان سەلامەت نییە و كۆمپانیاكە سوورە لەسەر بڵاوكردنەوەی ڕیكلامی زیانبەخش بە منداڵان.

لیژنەكە لەمیانەی دانیشتنێكی تایبەت بە گوێگرتن لە فرانسیس هاوگن، كارمەندی دەستلەكاركێشاوەی فەیسبووك، كە بەڵگەنامە ناوخۆییەكانی كۆمپانیاكەی دزەپێكردووە، دەڵێت، پێویستە قۆرغكردنی منداڵان لەلایەن فەیسبووكەوە ڕێگری لێبكرێت، هەروەك پێویستە پێداچوونەوەی سەربەخۆیانە بە هەوڵەكانی فەیسبووكدا بكرێت كە هەوڵی چوونە ناو تایبەتمەندییەكان و پێشێلی یاسا دەدات.

لیژنەكە دوپاتیشیدەكاتەوە كە پلانی فەیسبووك بۆ بەئامانجگرتنی منداڵان و گەنجان مەترسیدارە، سووربووە لەسەر بڵاوكردنەوەی ڕیكلامی زیانبەخش بە منداڵان و پابەندنەبووە بە بەكارهێنانی تایبەتمەندییەكانی بەئامانجنەگرتنی منداڵانی تەمەن 10 ساڵ.

لیژنەكە لە كۆتاییشدا دەڵێت، “پێویستە كارێك بكەین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كاری پێگە كۆمەڵایەتییەكان و كاتی ئەوە هاتووە كۆنگرێس لەبارەی فەیسبوكەوە جوڵە بكات.. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كۆنگرێش چۆن جوڵە دەكات”.

ڕای لیژنەكە لەكاتێكدایە شەوی ڕابردوو فەیسبووك و ئەپلیكەیشنەكانی سەر بە كۆمپانیاكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ڕاوەستان و بەهۆیەوە جگە لە وەستاندنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی بەكارهێنەران، كۆمپانیاكەش زیانی دارایی گەورەی بەركەوت.

لەكاركەوتنە كاتییەكە لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، هەر زوو باس لە هێرشی ئەلیكترۆنی كرا، بەڵام كۆمپانیای فەیسبووك دوای كاراكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان، ڕایگەیاند، “هەندێك هەمواری هەڵە لە (ڕێكخستن – setting)ی ئامێرە سەرەكییەكانی ئاراستەكردن (ڕاوتەر) كە جووڵەی نێوان سەنتەرەكانی داتاكان ڕێكدەخات، بوونەتە هۆی دروستكردنی كێشە و وەستانی خزمەتگەزارییەكان و پچڕانی پەیوەندیی نێوان بەكارهێنەران و ئەو پلاتفۆڕمانە”.

كێشەكە نزیكەی 3.5 ملیار كەسی لە تەواوی جیهاندا لە خزمەتگوزارییەكانی فەیسبووك، ئینستگرام و وەتسئەپ بێبەشكرد، بۆیە فەیسبووك داوای لێبووردنی لە بەكارهێنەران كرد لە خەڵك و كۆمپانیاكان.

لەكاركەوتنە چەند كاتژمێرییەكە زیانی بە پشكەكانی كۆمپانیاكە گەیاند و نزیكەی 5%ی پشكەكانی فەیسبووك لە بازاڕی جیهانیدا دابەزی، كە گەورەترین دابەزینە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە تووشی دەبێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەكان، پشكەكانی كۆمپانیاكە نزیكەی 0.5 پۆینت بەرزبووەوە.

هەروەها پشكەكانی خودی مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری پلاتفۆڕمەكە 6% دابەزی و لە پلەی پێنجەمی دەوڵەمەندترینەكانی جیهانەوە هاتە پلەی شەشەم.

بەپێی ماڵپەڕی (Fortune)، داهاتی لەدەستدراوی فەیسبووك لەو چەند كاتژمێرەی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی 99.75 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ڕێژەی قازانجی كۆمپانیاكە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بكرێت بە كاتژمێرەكانی لەكاركەوتنی كۆمپانیاكە، بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا فەیسبووك هەر كاتژمێرێك نزیكەی 13.3 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.

بابەتی پێشتر

چەمچەماڵ.. پێنج ئەندامی خێزانێك سووتان

بابەتی دواتر

كوپێك قاوە كاریگەریی چی لەسەر گۆی زەوی هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوای كۆنترۆڵكردنی لەلایەن تاڵیبانەوە یه‌كه‌م فڕۆكه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كابول نیشته‌وه‌

فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربه‌ هێڵی ئاسمانیی قه‌ته‌ریی، به‌ تیمێكی ته‌كنیكییه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی دووباره‌ چالاككردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول گەیشتە فڕۆخەكانەكە. بەپێی هەواڵی…
Total
0
Share