بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەمدا لە هەڵبژاردنێكدا ئەمریکا سەرۆکی نوێی وڵات و پێکهاتەی نوێی کۆنگرێس هەڵبژێرێت، تا ئێستاش كە ئەو وادەیە دوو ڕۆژی ماوە ململانێی سەخت لەنێوان دوو ڕكابەرە سەرسەختەكەی هەردوو پارتی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان هەیە.
هەڵبژاردنی دوو باڵەکەی کۆنگرێس، ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، چونکە هەرکام لە پارتەکان کۆنترۆڵی هەرکام لەو دوو باڵە بگرنە دەست، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووبەری دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا دیاری دەکەن.
گەرچی هەڵبژاردنی دوو باڵەکەی کۆنگرێس کە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران-ن، بەئەندازەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا گرنگ نین، بەڵام ڕۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا کە لە 435 کورسی پێکدێت هەر دووساڵ جارێک و ئەنجومەنی پیران کە لە 100 کورسی پێکدێت، هەر شەش ساڵ جارێک هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا، پارتی دیموکرات زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا ئەنجومەنی پیران زۆرینەی ئەندامەکانی سەربە پارتی کۆماری-ین، بەم هۆیەشەوە لە چوار ساڵی رابردوودا، ئاسانکاریی زۆریان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکانی ترەمپ کردووە، لەئێستاشدا ڕاپرسییەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت ئەو پارتە 214 کورسی و پارتی کۆمار 182 کورسی بەدەستبهێنن.
ئەو 39 کورسیەشی دەمێنێتەوە هەردوو پارت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانیان دەکەن و ئەو کورسییانەش سەرکەوتنی یەکێک لە پارتەکان یەکلایی دەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتییانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیران، دەنگدەدەن.
وا پێشبینی دەکرێت پارتی دیموکرات 45 کورسی و پارتی کۆماری 46 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەو نۆ کورسییەی دەمێنێتەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کام پارت دەبێتە زۆرینەی ئەنجومەنەکە.