وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تاوەکو 3ی کانونی یەکەم، 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی وڵاتەکەی فرۆشتووە وەک یەکەم هەنگاو لە پلانی پێشووی بە ئامانجی کەمکردنەوەی نرخی بەنزین.
لە مانگی ڕابردوودا ئیدارەی جۆ بایدن بڕیاری فرۆشتنی نزیکەی 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی وڵاتەکەی دا هاوشانی وڵاتانی دیکەی بەکاربەری سوتەمەنی، وەک چین، هیندستان و کۆریای باشوور، وەک پلانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
کۆشکی سپی هەوڵدەدات مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات کە ئەمریکییەکانی تێدایە لە مەترسییان سەبارەت بە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی وزە دوای دەرچوون لە پەتای کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی ئەمریکا ئامرازی کەم و دیاریکراوی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نرخی نەوت، چونکە بازاڕی وزەی جیهان لەژێر کاریگەریی ژمارەیەک هۆکاری جیاوازدایە.
نرخی نەوت لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا بەرزترین ئاستی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا تۆمارکرد و گەیشتە زیاتر لە 86 دۆلار، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر وزە لە سەرتاسەری جیهاندا، ئێستا نرخەکەی نزیکەی 13% دابەزیوە و بەشێکی بۆ ڕیکارەکانی ئەمریکا و بەشێکی دیکەشی بۆ سەرهەڵدانی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەگەڕێتەوە.
ئەمریکا خاوەنی نزیکەی 600 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە لە هەریەکە لە تەکساس و لویزیانا، ئێستا نەوتی گەنجینەکراوی ئەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاستی لەدوای ساڵی 2003وە دابەزیوە.