گروپی ڕاوێژ لە فێرخوازانی ناڕازیی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەو ئەنجامانە ئاشكرادەكات كە لە ئاكامی خۆپیشاندانەكانەوە بەدەستهاتوون و بەهۆیەوە بڕیاریان لەسەر هەڵپەساردنی خۆپیشاندان داوە.
گروپەكە ڕاگەیەندراوێكی لەژێر ناونیشانی (هەڵپەساردنی خۆپیشاندان) بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و هەولێر بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کردووە بەمەبەستی داواکردنی مافە ڕەواکانمان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و ڕایدەگەیەنین هەر کارێکی ناشارستانی کرابێت تەعبیر لە توێژی خوێندکار ناکات و ئێمە دوورین لێی.
دەشڵێت، “داواكارییەكانی ئێمەی خوێندكار ڕوون و ئاشکرا بوون کە بریتیبوون لە، (گەڕانەوەی دەرماڵە، گەڕانەوەی شکۆی خوێندکار و شکۆی زانکۆ، سزادانی ئەو کەسانەی بوونەتە مایەی ئازاری خوێندکار و باشکردنی بەشەناوخۆییەکان)”.
ئەو خوێندكارانە ئاماژە بەوەدەكەن كە توانیویانە بەیەکگرتوویی دەرماڵە بگەڕێنینەوە، کارێک بکەن بڕیاربدرێت بە گۆڕینی سەرۆکی چوار زانکۆ، بەڵێندراوە بە سزادانی ئەو کەسانەی سزای خوێندکاریان داوە و دەستکراوە بە باشترکردنی بەشەناوخۆییەکان.
ئاشكراشیدەكەن لەڕێگەی لیژنەیەک لە پەرلەمان و مامۆستایانی دڵسۆزەوە لە هەوڵی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێلدان.
گروپەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە دوای ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزا و ئەکادیمی بە باشیانزانی لێرەدا بوەستن تا سەری ساڵی نوێ و چاوەڕوانی ئەو بەڵێنانە بن کە پێیاندراوە، لەكاتی جێبەجێنەبوونیشی بەڵێنی بەردەوامبوون و گرتنەبەری ڕێگای دیكە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن.
بڕیاری گروپەكە لەكاتێكدایە لەماوەی هەفتەیەكدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی خوێندكارانی زانكۆكانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەرین ئەنجامدا، كە یەكەمیان هەشت كاتژمێر و دووەمیان 12 كاتژمێری خایاند و تیایاندا بەڵێنی پێدان گرفت و داواكارییەكانیان چارەسەر بكات.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشەوە گەیاندنی یارمەتییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ زانكۆ و پەیمانگا جیاجیاكان دەستیپێكردووە و بەردەوام دەبێت.