دەربارەی ئەو هێرشەی دوێنێ كە بووە هۆی كوژرانی هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی شەنگال، كەجەكە دەڵێت، دەوڵەتی توركیا هێرشەكەی ئەنجامداوە، بەڵام “ئەوەی سیخوڕییەکەی ئەنجامداوە ئەندامانی پاراستنی پارتین لە شەنگال”.
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر مەروان بەدەل، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی گەلی ئێزدیی، بەهۆیەوە مەروان بەدەل شەهیدکرا، بەڵام منداڵەکانی ڕزگارکران، ئەوانەی ئەو کۆمەڵکوژییانەیان ئەنجامدا، بێگومان دەبێت لەبەردەم مرۆڤایەتییدا باجەکەی بدەن.
دەشڵێت، مەروان بەدەل یەکێک لە بەڕێوەبەران و پێشەنگانی گەلی ئێزدی بوو، کاتێک داعش بۆ پاکتاوکردنیان هێرشی کردە سەر شەنگال، هاوشانی گەریلا شەڕی کرد، ئێزدییەکانی لە چیای شەنگال ڕێکخست.
هێرشەكە “لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوانەی زانیاریی سیخوڕییان داوە، ئەو کەسانەن کە ‘پاراستن’ لە شەنگال ڕێکیخستوون”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەی کەجەکەدا هاتووە.
ئاماژە بەوەشدەكات، پارتی ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانجی هێزەکانی وەک دەوڵەتی تورکیا، کە خۆی تیایدا باڵادەست نییە و دووپاتیشیدەكاتەوە، “بە بۆچوونی ئێمە پارتی هەڵەی هەرە گەورەی مێژوویی لەبەرامبەر ئێزدییەکان دەکات”.