تەندروستیی جیهانی دووبارە هۆشداری دەدات.. نەخێر بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا بە ‏پلازمای خوێن

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کە پێشتر هۆشدارییدابوو سەبارەت بە بەکارهێنانی ‏پلازمای خوێنی کەسانی چاکبووەوە لە کۆرۆنا بۆ چارەسەری ئەو تووشبووانەی لە دۆخی ‏توندی نەخۆشییەکەدان، جارێکی دیکە هۆشداری دەدات و ڕایگەیاندووە، هیچ ‏توێژینەوەیەک سوودی ئەو ڕێگەیەیان بەڕوونی دەرنەخستووە. ‏

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامۆژگاریی جیهان دەکات بۆ ئەوەی پلازمای خوێنی ‏کەسانی چاکبووەوە لە کۆرۆنا بەهیچ شێوەیەک بەکارنەهێنرێت بۆ چارەسەری ‏تووشبووانی دیکەی پەتاكە، جەختدەکاتەوە هیچ بەڵگەیەک نییە پشتڕاستیبکاتەوە کە ئەو ‏ڕێگەیە مردن بە کۆرۆنا یان پێویستبوون بە هەناسەی دەستکرد لە تووشبووەکاندا ‏کەمتردەکاتەوە.‏

بیرۆکەی بەکارهێنانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبووەوە لەکۆرۆنا پشت بەوەدەبەستێت، ‏کە خوێنی ئەو کەسانە دژە تەنەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدایە و لەکاتی بەکارهێنانی بۆ ‏نەخۆشەکانی دیکەدا دەتوانێت ڤایرۆسەکە لاوازبکات و کاریگەرییە توندەکانی کەمبکاتەوە.‏

تائێستا توێژینەوەکان بەڕوونی ئەوەیان نەسەلماندووە کە بەکارهێنانی پلازمای خوێن ‏دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ ئەوکەسانەی نیشانە توندەکانی نەخۆشییەکەیان هەیە.‏

توێژینەوەیەکی ئەمریکی لە مانگی ئازاری ڕابردوودا ئاشکرایکرد، چارەسەرەکە تەنانەت ‏بۆ ئەو کەسانەی نیشانەی سووک و مامناوەندی ڤایرۆسەکەیان هەیە ناتوانێت ‏سوودمەندبێت.‏

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باس لەوەشدەکات، ئەو ڕێگەیە تێچوویەکی زۆری دەوێت ‏و کاتێکی زۆریش بەفیڕۆدەدات.‏

ڕێکخراوەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، لیژنەیەکی سەرپەرشتیاران و شارەزایانی جیهان ‏بەتوندی ڕەتیدەکەنەوە ئەو ڕێگەیە بۆ چارەسەری تووشبووان بەکاربهێنرێت.‏

ئەو داوایەی شارەزایانی پزیشکی پشت بە 16 توێژینەوەیان دەبەستێت لەوبارەیەوە، کە ‏تێیدا 16 هەزار و 236 نەخۆش بەشدارییان تێدا کردووە.‏

بەرلە زیاتر لە ساڵێک ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، کاریگەرییە ‏ئەرێنییەکان و ئەنجامی توێژینەوەکان لەبارەی بەکارهێنانی پلازمای خوێن بۆ تووشبووانی ‏کۆرۆنا وەڵامی یەکلاکەرەوە نین، داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد چاودێری و هەڵسەنگاندن ‏بۆ ئەنجام و کاریگەرییەکانی ئەو ڕێگەیە بکەن.‏

ڕێکخراوەکە دەڵێت، بەکارهێنانی پلازمای خوێن تائێستا لە قۆناغی ئەزموونی و ‏توێژینەوەدایە و ئەنجامەکان ڕوون نین لەبارەیەوە.‏

بابەتی پێشتر

زۆربوونی سەگی بێسەرپەرشت لە مهابادیش کێشەی دروستکردووە

بابەتی دواتر

میدیای سوریا: ئیسرائیل بەندەری لازقیەی بۆردومانکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share