وهزارهتی سامانه سروشتییهكان وهڵامی عهلی حهمهساڵح پهرلهمانتارى گۆڕان دهداتهوه و دهڵێت، بابهتێكی ناڕاستی لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپیدا بڵاوکردووەتەوە، كه هیچ بنهمایهكی نییه.
له ڕاگهیهندراوهكهی وهزارهتی سامانه سروشتییهكاندا هاتووه، “ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ڕێگریان لە هاوردەکردنی سووتەمەنی نەکردووه، لە بازگەكانیش هیچ جۆرە ڕێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت”.
جهختى لهوهشكردووهتهوه، وەزارەتهكهیان بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیچ سووتەمەنییەک، کە کوالێتییەکەی گونجاونەبێت، ئەگەر ڕێگریش کرابێت، “ئەوا بە دڵنیاییەوە تەنها بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتمانەوە بووە”.
دهقی ڕاگهیهندراوهكهی وهزارهتی سامانه سروشتییهكان:-
“بە داخەوە لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، بابەتێکی ناڕاستی لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بڵاوکردووەتەوە، کە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم ڕاستییانە ڕوونبکەینەوە:
1- بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی (دیلۆیت)، وەزارەتمان ڕۆژانە کەمتر لە (25000 بەرمیل) دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بڕی 950،000 لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدراڵ، ڕۆژانە 1،000،000 لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات، شێوازی دابەشکردنی بە شێوەی (نۆرە- مناوەبەیە) بەسەر ئەو بەنزینخانانەوە، کە لەڕێگەی لیژنەی تایبەت لەوەزارەتمان و بەڕێوهبەرایەتی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان دابەش دەکرێت، بەڕەچاوکردنی ناوچە هەژارنشینەکان، بەڵام لەبەر کەمی ڕێژەی بەنزین و زۆری بەنزینخانەکان توانای دابینکردن بۆ هەموو بەنزینخانەکان کەمە، ئەو کۆمپانیایانەی بە گواستنەوە و کڕینی بەنزینیش ڕاسپێردراون لەگەڵ ئەو بەنزینخانانەی دەیفرۆشن، پابەند کراون بە مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەت و نرخی فرۆشتن، کە وەک هاوکاری بە 690 دینار بۆ لیترێک دانراوە، ئەمەش چاودێری چڕ دەکرێت لە ڕێگەی لیژنەکان لە پارێزگاکان و پۆلیسی نەوت و گاز بە جۆرێک چەندین بەنزینخانە کە سەرپێچییان کردووە داخراون و سزای ماددی دراون. سەبارەت بە فرۆشتنی بەنزین لە زۆر بەنزینخانە بە زیاتر لەو نرخە، ئەوە بەنزینی تیجارییە و نرخەکەی پابەندە بە نرخی برێنت، کە نرخێکی جیهانییە، جیا لەوەی بازاڕی سووتەمەنی بازاڕێکی ئازادە.
2- سەبارەت بە (نەوتی سپی): سەڕەرای بڕیاری (ژ.119) ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ڕێگری لە هاوردەکردنی سووتەمەنی نەکردووه و لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان، وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیچ سووتەمەنیەک، کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت. ئەگەر ڕێگریش کرابێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتمان بووە، کە هەندی کەس بێ بەرپرسانە بەرامبەر تەندروستی هاوڵاتییان هەوڵیانداوە بەڕێگای نەگونجاو هاوردەی بکەن.
3- سەبارەت بە “نرخی نەوتی سپی”: نرخی نەوتی سپی کە لە (پلات) بە نزیکەیی دەتوانین پشت بە بەرهەمی (جێت) ببەستین لەماوە نزیکەی 20 ڕۆژ پێش ئەمڕۆ، ئەگەر وا دابنێین ئەو ماوەیەی پێویست بووه تا بگاتە هەرێم، ئەوا بڕ هەر تەنێک لە 15/11/2021 (716) دۆلار بوو، دوای هەموو تێچوویەکی تا دەگاتە هەرێم، نرخەکەی بۆ هەر بەمیلێک نزیکەی 140 دۆلار دەبێت. لەهەمانکاتدا دوو جۆر نەوتی سپی بەرهەمی ناوخۆی پاڵاوگەکانی عێراق هەیە و بە تیجاری لە بازاڕی بۆرسەی پارێزگاکان بەپێی کوالیتی بەم شێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر:
سیلڤەر 200- نرخ (155،000 دینار بۆ بهرمیلێك)
سیلڤەر 1500 – نرخ (145،000 دینار بۆ بهرمیلێك)
نرخی تیجاری بەنزینخانە (170،000 دینار)
پارێزگای سلێمانی:
سیلڤەر 200- نرخ (150،000 دینار بۆ بهرمیلێك)
سیلڤەر 1500- نرخ (145،000 دینار بۆ بهرمیلێك)
نرخ تیجاری بەنزینخانە (165000 دینار)
پارێزگای دهۆک
سیلڤەر 200- نرخ (160،000 دینار بۆ بهرمیلێك)
سیلڤەر 1500- نرخ (155000 دینار بۆ بهرمیلێك)
تیجاری بەنزینخانە (176،000 دینار بۆ بهرمیلێك)
4- سەبارەت بە “پالاوتگەی لاناز”: پاڵاوتگەی لاناز، پاڵاوتگەیەکی حکومی نییە و وەزارەتمان هیچ بڕە نەوتێکی خاوی بۆ دابین ناکات و بەپیی رێنمایی (ژ. 1ی ساڵی 2020)ی وەزارەتمان، کە لە ڕۆژنامەی (وەقایع)دا بڵاوکراوەتەوە، زۆر بە روونی تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە وەزارەتمان پابەند نییە بەدابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەکان، بۆیە خۆیان بەرپرس دەبن لە دابینکردنی نەوتەکە وەک هەموو پاڵاوتگە ڕێگە پێدراوەکانی تر، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی برێنت و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو، وەزارەتمان هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ دابینکردنی بەنزین بەنرخ و کوالیتیەکی گونجاو لەپێناو هاوکاریکردنی هاووڵاتییان. پاڵاوگەی ناوبراو وەک هاوکاری و پابەندبوون بە بڕیاری وەزارەتمان، بڕێکی بەنزینی بەشیێوەیەکی کاتی کە لەتوانای بوو، نرخی 730 دینار دابینی کرد و بەپێی بڕیاری لیژنەی تایبەتی وەزارەتمان، بەسەر بەنزینخانەکان دابەشکرا.
5- سەبارەت بە ناوی (نەبەز محمد) : لە هیچ بازگەیەک، جگە لە مۆڵەتی وەزارەتمان کە بۆ دڵنیابوونەوەیە لە کوالیتی سووتەمەنی ئەویش لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، هیچ جۆرە ڕێگرییەک ناکرێت و هیچ پارەیەکیش وەرناگیرێت و بە هیچ شێوەیەکیش ڕێگەی پێ نادرێت. هەر کەس و لایەنێکیش ئەو کارە بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەبارەت بە دەنگۆی هەبوونی 2000 ملیۆن لیتر گازیش لای کەسێک، هەر بۆ زانیاری، دابینکردنی ئەو برە گازە، ڕۆژانە پێویستی بە پاڵاوتنی زیاتر لە (50،000) بەرمیل نەوتی خاوە! واتە مانگانە زیاتر لە (1،500،000) بەرمیل کە ئەمەش لە خەیاڵ دەچێت و دوورە لە ڕاستییەوە.