گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل ته‌نگى به‌ سعودیه‌ هه‌ڵچنیوه‌‏

گه‌نده‌ڵی و وه‌رگرتنى به‌رتیل له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌ران و به‌رپرسانى وه‌زاره‌ته‌كانى حكومه‌تى ‏سعودیه‌وە تەنگی بە وڵاتەكە هه‌ڵچنیوه‌، له‌مانگى ڕابردوودا 250 كه‌س له‌ شه‌ش وه‌زاره‌تى ‏جیاوازدا ده‌ستبه‌سه‌ركراون.‏

ده‌سته‌ى چاودێرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیی سعودیه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ى ‏به‌وه‌كردووه‌، لە مانگی ڕابردوودا له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگری، ناوخۆ، داد، ته‌ندروستى، ‏خوێندنى باڵا و كاروبارى شاره‌وانییه‌كان 250 كه‌س به‌تۆمه‌تى وه‌رگرتنى به‌رتیل و ‏گه‌نده‌ڵی ده‌ستبه‌سه‌ركراون. ‏

دیارترین ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى كه‌ ڕووبه‌ڕووی تۆمه‌تباره‌كان كراونه‌ته‌وه‌، بریتی بوون لە ‏به‌رتیل و به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌كان و پۆسته‌كانیان بۆ كاری ساخته‌كاری و گه‌نده‌ڵی، ‏تۆمەتبارانیش ده‌ستبه‌سه‌ركراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.‏

هه‌ر به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ده‌سته‌كه‌، له‌ماوه‌ى ئه‌و مانگه‌دا چاودێریی كاروباری شه‌ش ‏هه‌زار و 459 كه‌س كراوە و له‌كۆی تۆمه‌تباركردنى 657 كه‌سیش به‌و تۆمه‌تانه،‌ 250 ‏كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ركردووه‌ و تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغبووەتەوە. ‏

ده‌سته‌ى چاودێرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیی سعودیه‌ ئاشكرایكردووه‌، له‌مانگى ‏پێشووتریشدا ده‌سته‌كه‌ 172 كه‌سی دیكه‌یان به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى ده‌ستگیركردبوو. ‏

لاى خۆیه‌وه‌، ڕۆژنامه‌ى مه‌دینه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ى جێنشینى ‏وڵاته‌كه‌ ده‌یه‌وێت تاوه‌كو ساڵی 2030 چاكسازی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بكات و سنوورێكیش ‏بۆ گه‌نده‌ڵی دابنێت له‌ سعودیه‌.‏

بابەتی پێشتر

لە سەرچاوەی سەرهەڵدانیەوە دڵنیایی لەبارەی ڕاددەی كوشندەیی ئۆمیكرۆن دەدرێت

بابەتی دواتر

بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە سەرۆکی هەرێم لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
3
Share