ڤلادمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا جەختیکردەوە هیچ کۆچبەرێک لەڕێگەی ڕوسیاوە نەپەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و داوایکرد گرژییەکان لەوبارەیەوە درێژەی پێنەدرێت.
لە کۆبووەوەیەکدا لەگەڵ هەردوو سەرۆکی خاچی سووری نێودەوڵەتی و مانگی سووری نێودەوڵەتی، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، “ئەوەی پەیوەستە بە کۆچبەرانەوە تائێستا هیچ کۆچبەرێک لە سنووری وڵاتەکەمانەوە نەپەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەمەبەستی پەنابەری و هیوادارین ئەو دۆخەی هەیە بەوجۆرە بەردەوام نەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “باڵیۆزخانەکەیان لە وارشۆ-ی پایتەختی پۆڵەندا تائێستا لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئاگادارنەکراوەتەوە لە هیچ حاڵەتێکی پەڕینەوەی پەنابەر لەڕوسیا یان بیلاڕوسیاوە لەلایەن هاوڵاتیی ڕوسییەوە”.
پێشتریش ماریا زاخارۆڤا وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو، “لە میدیاکانەوە ئەو زانیارییەمان بەرگوێکەوتووە کە ڕوسیا هاوکاریی پەڕینەوەی پەنابەران دەكات بۆ یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام ئەو دەنگۆیە ڕاستنییە و تائێستا لەلایەن دەسەڵاتی پۆڵەنداوە لەوبارەیەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە”.