عێراق بڕیاریداوە بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار فڕۆكەی “بەیرقدار تی بی 2″ی توركی بكڕێت، لەبری فڕۆكەی”میگ 29″ی ڕوسی، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی پراڤدا-ی ڕوسی بڵاویكردووەتەوە.
بەپێی ڕۆژنامەكە، دەسەڵاتدارانی عێراق بەپێچەوانەی پێشنیازەكانی نوێنەرانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پاشەكشەیان كردووە لە كڕینی فڕۆكەی شەڕكەری جۆری میگ 29ی ڕوسی، بەرپرسە عێراقییەكان پێیانوایە بەكارهێنانی فرۆكەی بێفڕۆكەوانی توركی لە جۆری بەیرقدار تی بی 2 زیاتر كاریگەرە، بۆیە بڕیاریانداوە نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی ئەو جۆرە فڕۆكەیەی توركیا تەرخانبكەن.
ڕۆژنامەی پراڤدا ئاشكراشیكردووە، دەسەڵاتدارانی عێراقی ڕەزامەندییان لەسەر كڕینی بێفڕۆكەوانە توركییەكە نیشانداوە، سەرچاوەیەكی توركیش ئاماژەی بەوەكردووە كە ”فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچە شاخاوی و بیابانییەكان بەكاردەهێندرێت، بەتایبەت بۆ سنوورەكانی سوریا، بەهۆی ئەوەی بەمدواییە دۆخەكە لەو ناوچانە ناسەقامگیرە”.
فڕۆكەی بەیرقدار توانای فڕینی لە بەرزیی مامناوەند هەیە بە كۆنتڕۆڵكردنی لە دوورەوە و لەلایەن كۆمپانیای بایكار-ی توركییەوە دروستدەكرێت، كە سەر بە هێزی ئاسمانیی توركییە و دەكرێت لەڕێی تیمی فڕۆكە لە وێستگەی زەمینییەوە چاودێری و كۆنتڕۆڵبكرێت، هەروەك توانای بەكارهێنان و ئاراستەكردنی بۆمبی هەیە.