بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئێران لەسەرجەم ئەو چارەسەر و سازشانە پەشیمانبووەتەوە کە لە گفتوگۆکانی پێشوودا پێیگەیشتبوون بەمەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکات، ڕایگەیاندووە، ئێران پێشتر لەو پێشنیازانەی بۆیکرابوو لەلایەن وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکانی ڤیەننا، تائاستێک سازشی نیشاندابوو، بەڵام ئێستا لەوانە پاشگەزبووەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ڕایگەیاندووە، ئێران دەستیکردووە بەخێراکردنی چالاكییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەشێوەیەکی ئیستیفزازی.
چەند ڕۆژی ڕابردوو گەڕی حەوتەمی گفتوگۆکانی ڤیەننا بە بەشداری یەکەم شاندی حکومەتی نوێی ئێران دەستیپێکردەوە، قسە لەسەر ئەوە هەبوو كە ئێران ڕەزامەندیی نیشانداوە بە مەرجدارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەبەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، بەڵام پێدەچێت دواتر ڕەوشەكە گۆڕابێت.
لەچوارچێوەی گەڕی حەوتەمی دانوستانەكاندا، كە ڕۆژی هەینی كۆتایی هات، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەبوو، جگە لە دانوستانە ڕاستەوخۆكانی ئێران و وڵاتانی دیكەی بەشدار لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە.
وڵاتانی ئەوروپا ڕەخنە لەو مەرجە نوێیانە دەگرن کە دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی جەختیان لێدەکاتەوە.