هاوینی 2021 مێسی و (19) یاریزانی ناودار نرخیان دەبێتە بێبەرانبەر

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە و داڤید ئالابای بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن، بۆندەکانیان لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت و دەتوانن بێبەرانبەر ڕوو لە یانەی دیکە بکەن.

بەپێی یاسایا بۆسمان، هەر یاریزانێک بۆندەکەی لە کاتی دیاریکراو کۆتاییبێت، دەتوانێت بێبەرانبەر و بەبێ سانسۆر ڕوو لە هەر یانەیەکی دیکە بکات، لەم وەرزەشدا 2020/2021 چەندین یاریزانی ناودار بۆندەکانیان بەرەو کۆتایی دەچێت و تاوەکو ئێستا ئۆفەری نوێکردنەوەیان پێشکەشنەکراوە، یاخود ئامادەنین لەگەڵ یانەکانیان بەردەوامبن و ئۆفەرەکان ڕەتدەکەنەوە.

مێسی و ئالابا لە پێشەنگی ئەو یاریزانانەدان کە بۆندەکانیان کۆتاییدێت، هاوشانی سێرجیۆ ڕامۆس و زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ و چەندینێکی دیکە تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئیدارەی یانەکانیان بە ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون.

بەپێی یاسا کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەگەر ئەم ناودارانە بۆندەکانیان نوێنەکرێتەوە، دەتوانن بە ویستی خۆیان لە میرکاتۆی هاوینی داهاتوو بێبەرانبەر ڕوو لە یانە داواکارەکانیان بکەن.

1. لیۆ مێسی: بۆندەکەی نوێنەکردووەتەوە، لەگەڵ ئیدارەی کاتیی ئامادەنییە دانوستاندن بکات و لەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە مانگی کانونی دووەم ئەنجامبدرێت، ناوبراو لەگەڵ سەرۆکی نوێ تاووتوێی بابەتەکە دەکات و مانەوە و بەردەوامبوونی مسۆگەرنییە.

2. سێرجیۆ ڕامۆس: کاپیتانۆ 34 ساڵەکە دەیەوێت بۆ ماوەی دوو وەرزی دیکە بۆندەکەی نوێبکاتەوە، تاوەکو ئێستا دانوستاندنی لەگەڵ پێرێزی سەرۆکی یانە و هاوکارانی نەکردووە، بۆندەکەی لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت.

3. لوکا مۆدریچ: تەمەنی 35 ساڵە و بەردەوامبوونی بەندە بەو ئاستەی پێشکەشیدەکات، چەندین یانەی گەورەی وەک ئینتەرمیلان و ئەی سی میلان خواستیان لەسەر گواستنەوەی نیشانداوە.

4. دیێگۆ کۆستا: کڕینی لویس سوارێز پێگەی هێرشبەرە ئیسپانییەکەی لە ئەتلەتیکۆ مەدرید لەقکردووە، تاوەکو ئێستا ئۆفەری نوێکردنەوەی پێشکەشنەکراوە.

5. مێمفس دیپای: هێرشبەرە هۆڵەندییەکە لەگەڵ یانەی لیۆن بۆندەکەی نوێنەکردووەتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هاوینی 2021 ڕوو لە یانەی بەرشلۆنە دەکات.

6. ئیریک گارسیا: بەهرەدارە 19 ساڵەکەی مانچستەر سیتی داواکراوی یانەی بەرشلۆنەیە و هاوینی 2021 دەتوانێت بێبەرانبەر بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا.

7. ڕیکی پوج: بەهرەمەندەکەی بارسا لەلایەن کومانەوە گرنگی پێنادرێت و لە هاوینی 2021 بۆندەکەی کۆتاییدێت، لە ئەگەری نوێنەکردنەوەدا ڕۆیشتنی بۆ یانەیەکی دیکە دەبێتە بێبەرانبەر.

8. سێرجیۆ ئەگوێرۆ: ناودارەکەی ئەرجەنتین لە تەمەنی 32 ساڵیدایە و مانچستەر سیتی تاوەکو ئێستا ئۆفەری نوێکردنەوەی پێشکەشنەکردووە، سەرچاوەکان پێیانوایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەرجەنتین.

9. ئەنخێل دی ماریا: باڵە فڕیوەکەی پاریس لە 2021 دەبێتە بێبەرانبەر، بۆندەکەی نوێنەکراوەتەوە، بەڵام دانوستاندن هەیە بۆ بەردەوامیدان بە تواناکانی لە پاریس سانت جێرمان.

10. جولیان دراکسلەر: لە پاریس چانسی تەواوی پێنەدراوە و هاوینی 2021 پەیوەندیکردنی بە یانەیەکی ئەڵمانییەوە ئەگەرێکی بەهێزە.

11. جیانلویجی دۆناروما: گۆڵپارێزە زەبەلاحەکەی میلان مەرجی نوێی خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆکردن و بەردەوامبوونی لە میلان مسۆگەرنییە.

12. هاکان کالهانوگلۆ: هاوشێوەی دۆناروما بۆندەکەی لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا نوێنەکراوەتەوە.

13. مەسعود ئوزێل: یاریزانە ئەڵمانییەکە لەلایەن مایکڵ ئارتێتای ڕاهێنەرەوە پشتگوێخراوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە گواستنەوەکانی زستانە بە یانەیەکی دیکە دەفرۆشرێت، تاوەکو هاوینی 2021 نرخەکەی نەبێتە بێبەرانبەر.

14. جۆرجینیۆ ڤایناڵدۆم: ئەستێرەی هێڵی ناوەندی لیڤەرپوڵ بۆندەکەی نوێنەکراوەتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە یۆرگن کلۆپ سەرکەوتوو دەبێت لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو لە هاوینی 2021 نرخی نەبێتە بێبەرانبەر.

15. ئارکادیۆز میلیک: لە گواستنەوەکانی هاوینی 2020 داواکراوی یانەکانی ڕۆما و یوڤانتۆس بوو، ئەگەر هەیە هاوینی 2021 ڕوو لە یەکێک لەو دوو یانەیە بکات.

16. ئیدینسۆن کاڤانی: جەنگاوەرە سیلیستییەکە بە خواستن بۆ وەرزێک پەیوەندی بە مانچستەر یونایتدەوە کردووە، ئەگەر بۆندەکەی نوێنەکاتەوە 2021 بێبەرانبەر دەتوانێت ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات.

17. جیروم بواتینگ: بەرگریکارە ئەڵمانییەکەی بایرن میونشن تاوەکو ئێستا گرێبەستی نوێی بایرن میونشنی پەسەند نەکردووە و هاوینی 2021 کۆتاییدێت.

18. خاڤی مارتینێز: یاریزانە ئیسپانییەکە لەلایەن چەندین یانەی ئیسپانییەوە داواکراوە و هاوینی 2021 بە ئەگەرێکی زۆرەوە پەیوەندی بە ئیشبیلیەوە دەکات.

19. زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ: جارێکی دیکە سوڵتانی سوید بۆندەکەی لەگەڵ میلان کۆتاییدێت، هاوینی 2021 نرخی دەبێتە بێبەرانبەر بۆ هەر یانەیەکی داواکار.

20. داڤید ئالابا: بەرگریکارە نەمساییەکە بۆندی تاوەکو 2021 لەگەڵ بایرن واژووکردووە، دانوستاندنەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەردەوامە و سێجار شکستیانهێناوە، لەلایەن چەندین یانەی گەورەی وەک ڕیاڵ و بارسا و پاریس و لیڤەرپوڵ و یونایتدەوە داواکراوە.

 

بابەتی پێشتر

سۆڵشایەر کۆتا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدات و پۆچتینۆ ئامادەیە

بابەتی دواتر

وەزیری سەرچاوەكانی ئاو: ئێران ڕێڕەوی ڕووبارەكانی گۆڕیوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share