خاوەنكارێك لە هەولێر: كەسم نەكردە شەریك و بەرتیلم نەدا بۆیە ڕێگرییان لە پڕۆژەكەم كرد

خانووەكانی فلۆریا سیتی

خاوەنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی فلۆریا سیتی هۆكاری دواكەوتن و تەواونەبوونی پڕۆژەكەی بۆ ڕێگریی كەس و لایەنەكان لە هەولێر دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، كەسم نەكردە شەریك و بەرتیلم نەدا بۆیە ڕێگرییان لە پڕۆژەكەم كرد.

محەمەد نەورۆزی، خاوەنی پڕۆژەی فلۆریا سیتی لە هەولێر كە پڕۆژەكەی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە مۆڵەتی پێدراوە و هێشتا تەواونەبووە، هۆكارەكەی ئاشكرادەكات و دەڵێت، لە 29ی 6ی 2010 مۆڵەتیان پێداوە پاش ئەوەی 27 ملیۆن دۆلاری داوە بە حكومەت و قەرزی خەڵكیش كە لەسەر وەبەرهێنەری پێشوو بووە داویەتییەوە.

نەورۆزی لە چاوپێكەوتنێكدا كە پەیجی (MN) تایبەت بە موڵك بڵاویكردووەتەوە، باس لەو هەڵەیەش دەكات كە لە مۆڵەتەكەدا لەلایەن لیژنەیەكی حكومییەوە كراوە و دەڵێت، بەپێی مۆڵەتەكە فلۆریا سیتی لەسەر هەشت سەنەد دروستدەكرێت، بەڵام دوای دوو ساڵ بۆی دەركەوتووە زەوییەكە هەشت نییە، بەڵكو 717 تاپۆیە و “لەسەر تاپۆی دوو نییە، تاپۆی یەكە، ئەوبەری جادە نییە، ئەمبەرە، بەناوی حكومەت نییە، بەناوی ئەحمەد مەلاقادرە”.

ئاشكراشیدەكات، سەرەڕای بوونی مۆڵەت و ڕێگەپێدانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، چەند جارێك بە بیانووی جیاجیا و بە ناردنی هێز و پۆلیس پڕۆژەكەیان پێڕاگرتووە.

بە وتەی خاوەنەكەی، پڕۆژەكە لەسەر 659 هەزار مەتر دووجا بونیادنراوە و “تائێستا 142 ملیۆن دۆلاری تیادا خەرجكراوە كە 68 ملیۆن دۆلاری هی خەڵكە” جگە لەوەی حساب بانكیی خۆی لە توركیاوە گەڕاندووەتەوە بۆ هەولێر، بەڵام لەبری ئاسانكاری، دەستبەسەر پارەكەیدا گیراوە و تەنها 2400ی بۆ خراوەتەسەر حسابەكەی تا ئیشی پێبكات.

سەبارەت بە هۆكاری ڕێگرییەكان و دروستكردنی ئەو كێشانە، نەورۆزی دەڵێت، “كەسم نەكردە شەریكی خۆم و بەرتیلم بە كەس نەدا”. ئەوەش دەخاتەڕوو لە دەستەی وەبەرهێنان بە ئاشكرا “داوای بەرتیلیان لێكرم” ئەو پرسەشی گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام كەس گوێی لێنەگرتووە.

بابەتی پێشتر

بیتکۆین ڕێژەی 12%ـی نرخەکەی لەدەست دا

بابەتی دواتر

ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ: لە ماوەی مانگێكدا 25 ژن لە توركیا كوژراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share