بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ھەولێر پێشوازیکرد لە میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، لەگەڵ چارەسەرێکی سیاسیدان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هاوکاریی فەرماندە مەزڵوم عەبدی دەکەین.
لە دیدارێکدا کە باڵیۆز و کۆنسوڵی رووسیا لە عێراق و ھەرێم لەگەڵ ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم ئامادەیبوون ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتی کرا و بیروبۆچوون لەبارەی پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکان ئاڵوگۆڕکرا، تەئکید لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش کرایەوە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکان و بە گرنگییەوە رۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال بەرز نرخێندرا لە بنیادنانی پەیوەندییەکی دۆستانە و پتەو لە نێوان ھەرێم و رووسیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە بەشێکی دیدارەکەدا بەوردی ھەڵوەستەکرا لەسەر بارودۆخی سوریا و ئەگەرە سیاسییەکان تاوتوێکران، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، “دواکارین کێشەی کورد لە سوریا بە دیالۆگ و ڕێگای ئاشتییانە چارەسەربکرێت، پێداگیریی یەکێتی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوا و ھاوکاریکردنی فەرماندە مەزڵوم کۆبانی بۆ بەدیھێنانی مافەکانی کورد و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا”.
ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر ڕۆشنایی دۆخی عێراق دوای ھەڵبژاردنەکان بۆچوونی یەکێتی خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی دەیەوێت کورد یەکدەنگ و یەکبڕیار بێت لە ناوەند و گوتارێکی سیاسیی ھاوبەشمان ھەبێت، تا داکۆکی لە مافە دەستوورییەکان بکەین و لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغداد کاربکەین بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوونیشیکردەوە ئەگەر سازشنەکرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵنەکرێت، ئەوا ململانێ سیاسییەکان دۆخی وڵات بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەبەن، سازان و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی لەنێوان ھەموو لایەنەکان تاکە ڕێگای ڕزگارکردنی عێراقە لەو ھەلومەرجەی تێیکەوتووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندییە لە مێژینەیە، پێویستیی فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەردوولای دووپاتکردەوە، بە تایبەت لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پشتیوانیکردن لە مافەکانی گەلی کورد و بە شاندی میوانی ڕاگەیاند، یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی پەیوەندییەکی ھاوسەنگە کە خزمەت بە ھەرێمی کوردستان بگەیەنێت، داوایکرد ھانی سەرمایەداران بدرێت و بەشداری چالاک بن لە بووژاندنەوەی کەرتی ئابوری و وەبەرھێناندا.