فیفا تەکنەلۆجیای “ئۆفسایدی ئوتۆماتیکی” تاقیدەکاتەوە

بۆ یەکەم جار لە مێژووی تۆپی پێدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان تەکنەلۆجیای دیاریکردنی ئۆفساید بەپاڵپشتی کۆمپیوتەر و بەشێوەیەکی ئوتۆماتیکی تاقیدەکاتەوە.

بڕیارە سبەینێ (30)ی مانگی تشرینی دووەمی 2021 جامی عەرەب لە قەتەر دەستپێبکات، تیایدا 16 هەڵبژاردەی عەرەبی بەشداری دەکەن، کە پێکهاتوون لە: قەتەر، عیراق، عومان، بەحرەین، تونس، ئیمارات، سوریا، مۆریتانیا، مەغریب، سعودیە، ئوردن، فەڵەستین، جەزائیر، میسڕ، لوبنان، سودان.

هەڵبژاردەکانی قەتەر و جەزائیر وەک پاڵەوانانی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا بەشداری لە پاڵەوانێتییە نوێیە نێودەوڵەتییەکەدا دەکەن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان پاڵەوانێتییەکە بە هەلێک دەزانێت لەپێناو ئامادەکاریکردن بۆ تاقیکردنەوەی تەکنەلۆجیای دیاریکردنی ئۆفساید بەشێوەی ئوتۆماتیکی.

لەوبارەیەوە پیێر لویجی کۆلینای سەرپەرشتیاری لیژنەی داوەرانی سەر بە فیفا، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، “ئەم جۆرە تەکنەلۆجیایە بۆ قورسکردنی ئەرکی داوەران و خاوکردنەوەی یارییەکان نییە، بەڵکو بۆ یاریدەدانە لەپێناو خۆپاراستن لەهەڵە و خێراکردنی بڕیاری داوەران لەبارەی بوونی حاڵەتی ئۆفساید، یاخود پێچەوانەکەی”.

بەپێی زانیارییەکانی مارکا، بۆ یەکەم جار ئەم تەکنەلۆجیایە لە جامی عەرەب بەکاردەخرێت، تیایدا داوەران لەڕێگەی کاتژمێرەکانیانەوە ڕاستەوخۆ لەکاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی ئۆفساید ئاگاداردەکرێنەوە، کە دەتوانن ڕاستەوخۆش بڕیاربدەن بەبێ گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆجیای (ڤار)، تەنانەت مافی ئەوەشیان دەبێت بڕیاری کۆتایی خۆیان بدەن، ئەگەر هەستیانکرد هەڵەیەک ڕوویداوە و ئامێرە ئەلیکترۆنییە لەیزەرییەکان درکیان پێنەکردووە.

بابەتی پێشتر

فیفا کات و وادەی مۆندیالی یانەکانی ئاشکراکرد

بابەتی دواتر

واریەرز و لەیکەرز لە سەرکەوتنەکانیان بەردەوامن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share