جێگری یاسایی سوپای پاسداران لەکاتی ڕوونکردنەوە لەسەر دۆسیەی دادگایی تۆمەتبارانی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا ڕایگەیاند، ئەوان بڕوایان وایە قاسم سولەیمانی کەسایەتییەکی ئاسمانییە و هیوادارن لەگەڵ هاتنەوەی “ئیمام مەهدی”دا بگەڕێتەوە.
سەردار شەمخانی، جێگری یاسایی سوپای پاسداران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی ڕایگەیاند، “لە دۆسیەكەدا بەڵگەی پێویست کۆکراوەتەوە و ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە تیرۆرەکەدا دەستنیشانکراون”.
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران وتی، “کۆمەڵێک کەس و ناوەندی وڵاتانی دراوسێش خۆیان ڕوونکردنەوەیان داوە لەسەر هەبوونی دەست لە تیرۆركردنی قاسم سولەیمانیدا، ئەو کەسانەشی بڕیاری کوشتنەکەیان داوە لە ئەمریکا دیارن و خۆیان ڕایانگەیاندووە”.
بە وتەی جێگری یاسایی سوپای پاسداران، هەزاران بەڵگە لەسەر دۆسیەکە کۆکراونەتەوە و دراوەتە دەست داواکاری گشتی و هیوادارن بە زوویی ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێت.