ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، بە فەرمی، هۆشداری لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن دەدات بەوەی بەهۆی تایبەتمەندییەكانیەوە ئاستی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرزدەكاتەوە، ئەمە جگە لەوەی بۆی هەیە ڤاكسینكراوەكانیش تووشی ببن.
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆنەوە، كە بەم دواییە لە ئەفریقای باشوور و ژمارەیەك وڵاتانی دیكەی ئەفریقا و جیهان بڵاوبووەتەوە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
WHO هۆشداریی داوە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا، ئەوەش بە بەهەندوەرگرتنی تایبەتمەندییەكانی ئۆمیكرۆن، پێشی وایە بەرزبوونەوەی ڕێژە و ئاستی تووشبوون بە كۆرۆنا “كاریگەریی نەرێنیی لەسەر جیهان دەبێت”.
تەندروستیی جیهانی نەشیشاردووەتەوە كە بۆی هەیە كەسانی ڤاكسینكراویش تووشی گۆڕاوە نوێكە ببن، ئەمە جگە لەوەی هۆشداریداوە لەوەی ئۆمیكرۆن چەند گۆڕانێكی بێپێشینەی بەسەردا هاتووە، كە هەندێكیان مایەی نیگەرانین بەهۆی كاریگەرییە چاوەڕوانكراوەكانیان لەسەر ڕەوتی پەتاكە.
سەرەڕای ئەو هۆشدارییانە، بەڵام تەندروستیی جیهانی دووپاتیكردووەتەوە، هێشتا دڵنیایی تەواو نییە لەبارەی ئەوەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن بتوانێت بەسەر كۆئەندامی بەرگریی جەستەدا سەربكەوێت و پەكیبخات.
WHO داواشی لە 194 وڵاتی ئەندام لە ڕێكخراوەكە كردووە دەستوبرد بكەن لە ڤاكسینكردنی ئەو چین و توێژانەی لەپێشینەن.