بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی ڕەوانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێن.
تەندروستیی هەڵەبجە ئاشکرایکردووە، ئاستەنگی زۆریان بۆ هاتووەتەپێش لەسەر ناردنە دەرەوەی ئەو بەرکەوتووانە، بەڵام دواجار هەوڵەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێم لە تاران، بەرهەمی هەبووە.
داواش لە کەسوکار و ئەو بەرکەوتووانە کراوە، سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتوانی چەكی كیمیایی بكەن لە هەڵەبجە بۆ هەمەهانگی زیاتر.
پێشتر لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، “هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستەنگییەکی دیکە بوو بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، چونکە بەرکەوتووان سەرەڕای ئەوەی بەرگەی ڤایرۆسەکە ناگرن، داخستنی سنوورەکانیش کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنیان و ناردنەدەرەوەیان هەبووە.