جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم لەجێگای تێگەیشتن لە خوێندکارانی خۆپیشاندەر، ڤیدیۆیەکی کۆنی تازەکردووەتەوە و ئەوانی تۆمەتبارکرد، بەڵام دەبێت داوای لێبوردنیان لێبکرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسی (یەکسانی جێندەری و ستراتیژیەتی بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە هەرێم)دا ڕایگەیاند، “لەبری ئەوەی ئێمەی حكومەت لە خوێندكاران نزیكببینەوە و لێیانتێبگەین، هەوڵی هێوركردنەوەیان بدەین، دەچین ڤیدیۆیەكی كۆن دەهێنین و خوێندكاران تۆمەتباردەكەین بەوەی سووكایەتییان بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان كردووە، بەبێ ئەوەی خۆمان ماندووبكەین و بەدوای ڕاستیی ئەو ڤیدیۆیەدا بگەڕێین، هێندەی تر خوێندكاران لەخۆمان تووڕە دەكەین، بۆیە لە پرسی ئاڵاکەدا حکومەت و پەرلەمان کەوتنە هەڵەوە”.
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو شێرە كچانەی كە لە خۆپیشاندانی ڕۆژانی ڕابردووی سلێمانی و شارەكانی تردا برینداربوون، لەبەرئەوە بریندارنەبوون كە كچن، بەڵكو لەبەرئەوە برینداربوون كە خۆپیشاندەربوون، واتە پەیوەندی بە توندوتیژیی دژی ژنانەوە نەبووە و كچانی زانكۆی سلێمانی سەلماندیان لەپێناو داوا ڕەواكانیان هیچ فەرقیان لەگەڵ كوڕاندا نییە، بگرە دەتوانن لەوان ئازادتریش بن”.