بافڵ جەلال تاڵەبانی هێرشی داعش بۆسەر پێشمەرگە بە ترسنۆكانە وەسفدەكات، بۆ بەرپەرچیدانەوەی ئەم پەلامارانەش داوای پلان و بەرنامەی هاوبەش دەكات، دووپاتیدەكاتەوە، دۆسیەی ئەمنیی ناوچە كێشەلەسەرەكان پێویستی بە سیاسەت و تێڕوانینێکی نوێ هەیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا بۆ شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگە ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە ھەوڵێکی ترسنۆکانەی دیکەی تیرۆریستاندا، پهلاماری سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە لە سنووری کوڵەجۆی گەرمیان درا، بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە له ئهنجامی ئهو كردهوه تیرۆریستییه، پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەھیدبوون و چوار پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
دەشڵێت، “وێڕای سەرکۆنەی ئهم پەلامارە تیرۆریستییە، پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قوڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی ئەو شەهیدانەمان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی دەربارەی چهندبارەبوونهوهی ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە بۆسەر سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، لە ناوچە کێشەلەسەر و دابڕێندراوەکانی ھەرێم دەردەبرێت و دەڵێت، “بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پەلامارانە، پێویستی زیاترمان بە پلان، بەرنامەی ھاوبەش و ھەماھەنگی ھەیە، بەتایبەت چڕکردنەوەی کارکردنی پێکەوەیی زیاتر لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و ڕێگری لە جموجۆڵەکانیان، کە مایەی ھەڕەشەی جددین بۆ ئەو سنوورانە”.
هاوكات جارێکی تر داوادەكات دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە ھاوبەشی، بە سیاسەت و تێڕوانینێکی ترەوە لەپێناو سەقامگیریی، ئاسایش و ئارامی زیاتر بەڕێوەببرێن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆتاییدا نووسیویەتی، “سەربەرزی بۆ ڕۆحی شەھیدەکانمان و خودای گەورە ئارامی بە كهسوكاری شههیدان ببەخشێت، ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانمان دەخوازین و بۆ ھەر ھاوکاری و چارەسەرێکی خێرا ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین و لەگەڵتانین”.