نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایدهگهیهنێت، زیندانیانی شێلادزێ بە توندی ئەشکەنجەدراون و ماوهى سێ ڕۆژه دەستیان بە مانگرتن کردووە و داوای بەھانەوە چوون له نهتهوهیهكگرتووهكان و ڕێكخراوهكانى مافی مرۆڤ دەکەن.
له ڕاگهیهندراوێكدا ئهیهان سهعید، نوێنهرى زیندانیانى بادینان ئاماژهى بهوهكردووه، “دوای نزیکەی ساڵێک لە زیندانیكردنیان پێنج زیندانی بادینان کە خەڵکی شێلادزێن و لەگەڵ گوھدار زێباری ماوەی 3 ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە لە خواردن و دۆخیان باش نیە”.
باسی لهوهشكردووه، ئهو زیندانیكراوانه لەژێر ھەڕەشەو ئهشكهنجهدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێکردون و ڤیدیۆشیان تۆماركراوە و بهنیازن بڵاویکەنەوە.
دهقی ڕاگهیهندراوهكه:
بۆ ڕایگشتی
دوای نزیکەی ساڵێک لە ڕفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەڵکی شێلادزێن و لەگەڵ گوھدار زێباری و چەند زیندانیەکی دیکەدا ماوەی 3 ڕۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە لە خواردن و دۆخیان باش نیە و ڕوونکردنەوە و داواکارییان لە زیندانەوە بۆ ڕایگشتی دەخەینەروو:
یەکەم: لەسەرەتای ڕفاندنمان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین (دوو پەنجەی ئەمجەد ڕێکانی کە وەکو ھێمای ئازادی لە وێنهكان بەرزیدەکردنەوە شکێنراون) و لەژێر ھەڕەشەو ئهشكهنجهدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێکردوین و ڤیدیۆیان تۆماركردووه بهنیازن بڵاویشی کەنەوە، ھەروەھا لەژێر ئەشکەنجە دانپێدان بە مەسعود شنگالی و شێروان تەھا سلێڤان-یش کرابوو.
دووەم: بێجگە لەوەی ڕێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیشمان لەگەڵ دەکرێت.
سێیەم: لەکاتی لێکوڵینەوەدا ههموو وتە و ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە.
چوارەم: ماوەی ٣ ڕۆژە دەستمان بە مانگرتن کردووە لە خواردن.
لێرەوە بۆ ڕایگشتی ڕادەگەیهنین و داواکارین لە UN، ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەڵکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواکارین:
یەکەم: بە زووترین کات ڕێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەکانمان بکەوێت و ڕۆژی دادگاییکردنمان دیاریبکرێت.
دووەم: ئێمە و ھاورێ حوکمدراوەکانمان وەکو گوھدار زێباری لە ئاساشی گشتییەوە بگوازرێینەوە بۆ چاکسازیی گەوران لە ھەولێر یان دھۆک.
سێیەم: نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و یۆنامی سهردانمان بكهن و لە نزیکەوە سەیری دۆخمان بکەن.
ناو و ڕۆژی ڕفاندنی چالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون
مەحمود ناجی صدیق (چالاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
کوڤان گارق جبرائیل (چالاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراهیم (چلاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چالاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چالاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠
گوھدار زێباری (رۆژنامەوان) .. ئاکرێ ٢٢/١٠/٢٠٢٠
ئەیھان سەعید – چاودێری مافی مرۆڤ و نوێنەری زیندانیانی بادینان
27/ 11/ 2021