بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، دەیان سكاڵا لە تیمەكانی میدیا لە شارەكانی كوردستانەوە گەیشتوون و دەربارەی هێرشی سەر تیمی تۆڕی میدیایی ئێستا-ش لە هەولێر دەڵێت، كەرەستە و ئۆتۆمبێلەكەیان ڕاپێچكراون و نازانرێت بۆ كوێ براون.
دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەمرۆ لە سەرجەم شارەكانی كوردستانەوە سكاڵامان پێدەگات، دوژمنكارانە تەماشای ڕۆژنامەنووس و زوومی كامێراكانیان دەكەن، وێنەگرتن و ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قەدەغەیە، ئەوەی ڕاپۆرت ئامادەبكات یەكسەر دەستبەسەردەكرێت، وەك ئەوەی نیوەڕۆی ئەمرۆ لە هەولێر بەرامبەر بە تیمی “تۆڕی میدیایی ئێستا” كرا، تیم و كەرەستە و ئۆتۆمبێلەكەیان ڕاپێچكرد، نازانین بۆ كوێ براون.
سەنتەری میترۆ داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، پابەندی دەستووری عێراق و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە فەراهەمكردنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی، ئازادیی خۆپیشاندانی مەدەنیی ئاشتیخوازانە.
هەر سەبارەت بە هێرشەكەی سەر تیمی تۆڕی میدیایی ئێستا، ڕێكخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ لەکاتی گواستنەوەی پەیامی خوێندکارانی خۆپیشاندەر لە هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە جلی مەدەنی و سەربازی لە ماوەی 16 خولەکدا چوار جار هێرشکرایەسەر ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر و یوسف فارسی کامێرامانی و دەست بەسەر ئۆتۆمبێل و کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانیاندا گیراوە.
دەشڵێت، خوێندکاران بە زۆر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان لە هێزە ئەمنییەکان سەندووەتەوە، بەڵام تاکو ئێستا ئۆتۆمبێلەکەی ئەیوب وەرتی هەر لای هێزە ئەمنییەکانە دەستی بەسەرداگیراوە و نایدەنەوە.
ڕێكخراوەكە نیگەرانیی خۆیشی دەردەبڕێت و ئاماژە بەوەدەكات، بەئاشکرا هێرش دەکرێتەسەر ڕۆژنامەنووسان، بەرپرسانی ئەمنی و لایەنی پەیوەندیدار لێی بێدەنگن لەکاتێکدا بە یاسا کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و ڕێگە بە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندان و گواستنەوەی پەیامی هاوڵاتییان دراوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.