كەمێك لەمەوبەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كە تەقەمەنی هەڵگرتبوو، لە كەربەلا خرایەخوارەوە.
سەرچاوەیەك لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشكرایكرد، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە 10 كیلۆگرام تی ئێن تی پێوەكرابوو، لە دەشتاییەكانی كەربەلا خراوەتەخوارەوە و ئامانجی گەیشتن بووە بە ناوجەرگەی شارەكە.
هاوكاتی ئەمە هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی سەربازییان لە گوڵاڵە و چەند ناوچەیەكی تری پارێزگای دیالە بەرپاكردووە و تاڵب موسەوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەڵێت، لە گوڵاڵە و قەرەتەپە بەدوای چەكدارانی داعشدا دەگەڕێن.
ماوەی ساڵێكە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو و مووشەكهەڵگر لە عێراق بووەتە دیاردە و چەندین جار بنكەكانی هێزەكانی ئەمریكا بەو جۆرە فڕۆكانە بۆردومانكراون.
سەرەتای ئەم مانگە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیانكردەسەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام ناوبراو لە هێرشەكە دەربازبوو.