ئیان فیشباك ئەو ئەفسەرە ئەمریكییەی ئەشكەنجەدانی زیندانییانی عێراقی لەلایەن هێزەكانی وڵاتەكەیەوە ئاشكراكردبوو، لە دۆخێكی تەمومژاویدا مرد.
ئیان فیشباك، ئەفسەرێكی سوپای ئەمریكا بوو لە عێراق، ساڵی 2005 جیهانی ئاگاداركردەوە لە ڕووداوگەلێك كە پێشتر ئاشكرانەبوون، كاتێك وتی، چەندین زیندانیی عێراقی و ئەفغان لە گرتووخانەكاندا لەلایەن سوپای ئەمریكاوە ڕووبەڕووی ئەشكەنجەدان بوونەتەوە.
خانەوادەی فیشباك ڕایانگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی خەمۆكی و تێكچوونی تەندروستیی مێشك و جەستەییەوە ناوبراو براوەتە خانەیەكی چاودێری، ڕۆژی 19ی ئەم مانگە لە بنكەكەدا گیانیلەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا خانەوادەكەی ئیان فیشباك دەڵێن، مردنی ئیان ڕووداوێكی تەمومژاوییە و هۆكاری گیانلەدەستدانی ئاشكرانەكراوە. دەسەڵات بە تەواوەتی و بەشێوەیەكی مەرگئامێزانە پشتیتێكرد، چەندین پرسیار هەن لەبارەی مردنی ئەو و هۆكاری فەرمیی مردنەكەی تا ئێستا نەزانراوە”.
ئیان فیشباك، ئەوكاتەی وەك ئەفسەر لە ڕیزی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بوو، نامەی بۆ دوو سیناتۆری وڵاتەكەی ناردبوو تیایدا ئاشكرایكردبوو كە زیندانییانی عێراقی لێیاندەدرێت و ڕووبەڕووی پلەی گەرمیی بەرزدەكرێنەوە و لە خەو بێبەشدەكرێن بۆئەوەی زانیارییان پێبدركێندرێت.