ئەو كۆچبەرە كوردانەی لە لیبیا دەستبەسەربوون سبەی دەگەڕێندرێنەوە

كۆچبەرەكان لەكاتی هەوڵی گەڕاندنەوەیاندا

ئەو كۆچبەرە كوردانەی لە مانگی ئەیلولی ڕابردووەوە لە لیبیا دەستبەسەربوون، بڕیارە سبەی بگەڕێندرێنەوە سلێمانی، پەرلەمانتارێكی پێشوو وردەكاریی هەوڵی گەڕاندنەوەكەیان بۆ ئێستا ئاشكرادەكات.

لە ئەیلولی ڕابردوودا 41 كۆچبەری كورد ڕێگای دەریا بۆ گەیشتنە وڵاتی ئیتاڵیا دەگرنەبەر، بەڵام بەهۆی هەڵە و وەرچەرخانی بەلەمەكەیانەوە لە ئاكامی شەپۆلەكانی دەریا لە كەناراوەكانی لیبیا دەگیرسێنەوە و لەوكاتەوە لە شاری بنغازی دەستبەسەربوون.

كاوە محەمەد، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە مانگی ئەیلولەوە پەیوەندیم بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد و نووسراوی فەرمیم ئاراستەكردن تا بە هانایەوە بچن.

وتیشی، “گرفتەكە لەوەدا بوو كۆچبەرەكان لە شاری بنغازی بوون، كە دەسەڵاتی حكومەتی لیبیای تیانییە، هەروەها عێراق لەو وڵاتە باڵیۆزخانەی نییە، بۆیە وەزارەتی دەرەوە ئاگاداریانكردم كە لەڕێی باڵیۆزخانەی عێراق لە تونسەوە كاری لەسەر دەكەن و دیارە زۆر هەوڵ و هیمەتیان كردووە بۆ ئازادكردنیان”.

كاوە محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمڕۆ ئەحمەد بەرواری، بریکاری وەزیری دەرەوەی عیراق پەیوەندی پێوەكردم و پێیڕاگەیاندم كە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانییان ئەو کوردانە لەوێ ڕزگاربکەن و بڕیارە سبەی بگەیەندرێنە قاهیرە و لەوێشەوە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و فڕۆكەكەیان لە سلێمانی بنیشێتەوە”.

بابەتی پێشتر

ئەو ئەفسەرە ئەمریكییەی نهێنییەكی سوپاكەی لە عێراق ئاشكراكردبوو لە دۆخێكی تەمومژاویدا مرد

بابەتی دواتر

ڕۆژى جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان<br> جیهان هێشتا شوێنێكە بۆ ئازاردانی جەستەیی و دەروونیی ژنان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share