سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرایكرد، دوو فەرماندەی ئەمنیی عێراق ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت بەتۆمەتی تێوەگلان لە هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی.
بەپێی سەرچاوەكە، لیوا سەباح شبلی بەڕێوەبەری گشتیی بەگژداچوونەوەی تەقەمەنییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەفسەرێكی دیكە ڕاگیراون.
ڕوونیشیكردەوە كە هۆكاری ڕاگرتنیان، شێواندنی بەڵگەیەكی تایبەت بە هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقە كە بۆمبێكە و لە یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كەوتووە و لەسەربانی ماڵی كازمی دۆزراوەتەوە.
سەرچاوە ئەمنییەكە كە كەناڵی ئاڕ تی ڕوسیی زانیارییەكانی لێوەرگرتووە، ڕایگەیاندووە، شێواندن و لەناوبردنی ئەو بۆمبە بەر لە پشكنین و هەڵگرتنی شوێندەستەكان لەسەری بووە، بۆیە هەردوو فەرماندە ئەمنییەكە بە بڕیاری دادگا لەلایەن لیژنەی لێكۆڵینەوەوە ڕاگیراون.