دوای ئەوەی خێزانێکی باکووری کوردستان، کە چەندین ساڵە لە هەولێر نیشتەجێن، بە زۆرەملێ دەرکران، سەرۆكی خێزانەكە دەڵێت، “لەبەرئەوەی ئامادەنەبووین سیخوڕی بۆ میت و پاراستن بکەین لە هەولێر دەرکراین”.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حەسەن كاجاڕ و هاوژینەکەی و هەردوو منداڵەکەیان، لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و حەسەن كاجاڕ وتی، “خەڵکی باکووری کوردستانم لە جولەمێرگ، ساڵی 2003 لەسەر دۆسێی سیاسی دەستگیرکرام، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن و لەهەمان کاتدا لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا ئازادبووم”.
وتیشی، “دوای ئازادبوونم لە زیندانی تورکیا، هاتمە شاری هەولێر و بووم بە پەنابەر، کار و ژیانی خۆم دەکرد، ئەندامی هەدەپە بووم، هیچ کارێکی نایاساییم نەکردووە كە پارتی و حکومەت کێشەیان بۆ دروست ببێت، ساڵێک بەر لە ئێستا، پارتی و میتی تورک داوایان لە ئێمە کرد سیخوڕییان بۆ بکەین، ئێمەش ڕەتمانکردەوە کارێکی وا نائەخلاقی بکەین”.
كوردە دەركراوەكەی باكوور ڕاشیگەیاند، “پیشتریش هەڕەشە و توندوتیژییان لە دژمان بەکارهێناوە، لەبەر ئەوە چەندینجار داوایان لێکردم شاری هەولێر بەجێبهێڵم، ڕەتمکردەوە، تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشیان لێكردم، بەڵام هەولێرم بەجێنەهێشت”.
كاجار لەبارەی دەركردنیەوە دەڵێت، “دوێنێ لە ئاسایشەوە پەیوەندییان پێوەکردم، وتیان کێشە لە ئیاقەمەکەتاندا هەیە، ئێمەش بەخێزانی چووینە فەرمانگەی نشینگە، لەوێ ئێمەیان دەستبەسەرکرد، بە زۆرەملێ و ئەشکەنجە ئێمەیان سواری ئۆتۆمبێل کرد بەرەو سلێمانی، لەسەر شەقامەکانی دەرەوەی هەولێر ئێمەیان لە ئۆتۆمبێل داگرت”.
سەبارەت بەوەی پەیوەندییان بە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کردووە؟ كاجار وتی، “بەرلەوەی دەستگیربکرێین لەگەڵ نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیمان کرد، ئەوان نووسراوێکیان پێداین کە دەتوانین بمێنینەوە، بەڵام دواتر لە ئاسایشی هەولێر پێیانوتین نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگایەکی سەر بە حکومەت نییە و ناتوانێت ئەو مۆڵەتەتان پیبدات”.
كوردەكەی باكوور باسی لەوەشکرد، ئەوكاتەی دەركراون بە ئاسایشەكانیان وتووە ”هەولێر و سلێمانی بۆ ئێمە جیاوازیی نییە”، بەڵام ئاساییشەكان لە وەڵامدا وتویانە، “بۆ ئێمە جیاوازیی هەیە”.