ئەمڕۆ بەهای لیرەی توركی زیاتر دابەزی و 9%ی تری بەهاكەی لەدەست دا، هۆكارەكەش سیاسەتی داراییانەی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆك كۆماری توركیا، سوودی سەر بەهای لیرەی كەمكردەوە و سەرباری ناڕەزایەتی و ڕەخنەكان، پێداگیری دەكات لەسەر ئەوەی سیاسەتەكانی لەپێناو بەهێزكردنی ئابوریی وڵاتەكەیدان.
ئەو بڕیارەی ئەرۆدغان، بووەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و لە ماوەی هەفتەیەكدا چەند جارێك بەهاكەی دابەزیوە، بەڵام ئەمڕۆ بەهای لیرەی توركی زیاتر دابەزی و هەر دۆلارێك بەرامبەر بە 12.49 لیرەیە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، لیرەی توركی 20%ی بەهاكەی لەدەست دا، لە مامەڵەكانی ئەمڕۆی بازاڕی دراوی توركیادا، لیرە ڕێژەیەكی تری بەهاكەی لەدەست دا كە 9%یە.
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا بەسەر بەهای لیرەی توركیدا هاتووە، دۆخێكە كە لە ساڵی 1999وە ڕووینەداوە و هێندە سەخت لەسەر هاوڵاتییانی توركیا دەكەوێت، بەشێك لە پسپۆڕانی ئابوریی ئەو وڵاتە و جێگری سەرۆكی بانكی ناوەندی كە ئەرۆدغان لە پۆستەكەی لایبردووە، داوادەكەن ئەردۆغان لە سیاسەتەكانی پاشگەزببێتەوە.