بەهۆی سەختيی زستان و مانەوە لە دارستانەکانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا چەندین کۆچبەر لەو سنوورانەدا گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی ناوچەکە دڵنیان، کۆچبەرەکان سەربە هەر نەتەوەیەک بن، موسڵمانن، بۆیە لەکاتی دۆزینەوەی تەرمێکی گومناو، موسڵمانانی تاتار لە پۆڵەندا تەرمی كۆچبەرەكەیان ناشت.
موسڵمانانی تاتار کە نزیکەی 600 ساڵە لە پۆڵەندا نیشتەجێن، دڵنیابوون لەوەی ئەو کۆچبەرە موسڵمانە، بۆیە ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتێکی پۆڵەندا و موسڵمانانی دیکە چوون بەدەم تەرمی کۆچبەرەکەوە و بە ڕێوشوێنە كارپێكراوەكانی ئایینی ئیسلام ناشتیان.
ئەگەرچی زانیاری پشتڕاستنەکراوە هەبوو، کە کۆچبەرەکە ناوی “ئەحمەد” و خەڵکی سوریا بێت، بەڵام ئەوە نەبووە بەڵگەی پێویست و لەسەر تەرمەکەی تەنها دوو وشە (NN) نووسرابوو.
تەرمی کۆچبەرەکە لە گۆڕستانی موسڵمانانی تاتار لە پۆڵەندا نێژرا، ئەلیکسەندەر عەلی بازارۆیچ، ئیمام و وتارخوێنی موسڵمانانی پۆڵەندا وتی، “دڵنیاین لە موسڵمانیی کۆچبەرەکە، بۆیە دەبێت بەڕێزەوە بنێژرێت و بەڕێبکرێتەوە بۆلای خودا، سونەتی ئیسلامی پێمان دەڵێت موسڵمان دەبێت لە گۆڕستانی برایانی موسڵمانیدا بنێژرێت”.
موسڵمانە تاتارەکان، ڕیشەی سەرەتاییان دەگەڕێتەوە بۆ تورکە موسڵمانانەکان، کە شوێنی نیشتەجێبوونیان کۆماری تاتارە لە ڕوسیا و لە چەندین وڵاتی جیهان بڵاوەیان کردووە.