وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە پرسی خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکاران وەڵامی وەزارەتی دارایی دەداتەوە و ڕایگەیاندووە، بە بەڵگەوە داوای خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیان کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هۆکاری خەرجنەکردنی بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان دوێنێ دووشەممە سەبارەت بە خەرجنەکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان ڕایگەیاند، “هیچ نووسراوێكی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە له ساڵی 2021 دا نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران”.
لە وەڵامی ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی داراییدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختدەکاتەوە، وەزارەتەکەیان لەسەرەتاى كابينەى نۆيەمى حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە داواى لە وەزارەتى دارايى و ئەنجومەنى وەزيران كردووە، بەزووترين كات دەرماڵەى خوێندكاران خەرجبكرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا وەڵامەکەی بۆ وەزارەتی دارایی لەژێر ناونیشانی ”بە بەڵگە، وەزارەتی دارایی هۆکاری خەرجنەکردنی دەرماڵە بووە” بڵاوکردووەتەوە و هاوکات وێنەیەک لەو نووسراوەی کە وەزارەت بۆ خەرجکردنی دەرماڵە پێشکەشیکردووە لە ئەنجومەنی وەزیران، وەک بەڵگەیەک خستووەتەڕوو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو بەڵگەیە وەزارەتى خوێندنى باڵا داوايكردووە دەرماڵەى خوێندكاران بخرێتەوە ناو پرۆژەياساى بودجەى حكومەتى هەرێمى كوردستان، بەڵام وەزارەتى دارايى بەبيانووى زۆریی بودجەكە و نەبوونى داهات، داواكارييەكەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى نەخستووەتە ناو پرۆژەياساى بودجە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، “بەڵگەکە دەریدەخات ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پرسەکەی بردووەتە سەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی سەرۆک وەزیران، داوایکردووە بەهەر جۆرێک بێت دەست بە خەرجکردنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران بکرێتەوە”.
وێنەی داواكارییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە