دەسەڵاتدارێتی كەنەدا ویستی خۆی بۆ وەرگرتنی ژمارەیەكی زیاتری كۆچبەران لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا ڕاگەیاند، وەك قەرەبوویەك بۆ ئەو ژمارە كەمەی لەمساڵدا بەهۆی كۆرۆناوە وەریگرتوون.
مندیسینۆ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ئەوەشی وت، كەنەدا لە ساڵی 2020 بەشێكی كەمی ئەو 341 هەزار كۆچبەرەی وەرگرتووە كە پێشبینی دەكرد ڕووی لێبكەن، هۆكارەكەشی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داخستنی سنوورەكان و هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان بۆ ماوەیەك دەگەڕێتەوە.
پێشبینیش دەكرێت دۆخەكە بۆ باری سروشتی خۆی لە ساڵی 2021 بگەڕێتەوە، بەپێی پلانی ڕاگەیەنراوی كۆچ كە لە بنەڕەتدا جەخت لەسەر گەشەی ئابوری و ڕاكێشانی خێزانەكان و پێشوازی لە كۆچبەران دەكاتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا بۆ قەرەبووكردنەوەی پاشەكشەی ژمارەی كۆچبەران لەمساڵدا، حكومەتی ئۆتاوا بڕیاریداوە مافی مانەوەی هەمیشەیی بداتە كرێكارە كاتییەكان و خوازیارانی مافی پەنابەری و ئەو خوێندكارە بیانییانەی لە وڵاتەكەیدان.
كۆچ بووەتە هۆی گەشە دیمۆگرافی كەنەدا بە ڕێژەی 80% لە ساڵی 2019دا، كە لەئێستادا نزیكەی 38 ملیۆن كەس تیایدا نیشتەجێن.