تیمێك لە زانایانی ئەمریكی، كامێرایەكیان دروستكردووە كە وەك خۆیان دەڵێن هێندە وردكارە، پێست و گۆشت تەیدەكات و توانای بینینی هەناوی مرۆڤی هەیە.
كامێراكە سێ ڕەهەندییە و بە تەكنیكی درێژە شەپۆل كاردەكات و توێژەرانی زانكۆی نۆرس وێسترن لە ئەمریكا دروستیانكردووە.
بەپێی ئەوەی میدیای ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، كامێراكە ڕووناكی لەسەر شتە نەبینراوەكان پەرتدەكات و دواتر هەمان ئەو ڕووناكییە لەناو خۆیدا كۆدەكاتەوە و لەو ڕێگەیەوە بە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد، تەنەكە سەرلەنوێ دروستدەكاتەوە، بەوەش توانای بینینی ناوەوەی شتەكانی هەیە.
وردیی كامێراكە بەڕادەیەكە كە توانای بینینی ژێرپێست و تەنانەت بچووكترین و وردترین موولوولەی خوێنی هەیە، بۆیە زانایان دەڵێن، دوای خستنەكاری ئەو كامێرایە، چیتر پزیشكان پێویستییان بە بەكارهێنانی هەناوبین نابێت لە سەیركردنی كۆڵۆن و ڕێخۆڵەكانی مرۆڤدا.
ئەو تیمەی كامێراكە دروستدەكەن باس لەوە دەكەن دوای دەیەیەك كامێراكە دەخرێتە بازاڕەوە، بەجۆرێك هەموو كەس بتوانێت بیكڕێت و لەناو ئۆتۆمبێل و ماڵ و شوێنەكان و تەنانەت وەك ئامێری پزیشكی بەكاربهێنرێت.