بەهۆی وتەكانی بەرامبەر محەمەد سەدر-ی مەرجەعی كۆچكردووی شیعە، ئەمینداری گشتیی عەسائیب داوای ڕادەستكردنی چالاكوانێكی عەرەب لە حكومەتی هەرێم دەكات.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە تویتێكدا داوایكردووە ئەحمەد وەشاح-ی چالاكوان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕادەستبكرێت بەهۆی ئەو ”سنووربەزاندنەی” بەرامبەر محەمەد سەدر، مەرجەعی كۆچكردووی شیعە كردوویەتی.
وەشاح، كە یەكێكە لە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی عێراق، لە میانەی قسەكردنیدا لە یەكێك لە گروپەكانی وتووێژ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تۆمەت ئاراستەی موقتەدا سەدر و محەمەد سادق سەدر-ی باوكی دەكات.
هەر ئەمڕۆ ئەحمەد خەفاجی، پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ دەستگیركردنی ئەو چالاكوانە گرتووەتەبەر پاش ئەوەی لەلایەن لیژنەی یاسایی ڕەوتی سەدرەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.
لای خۆیەوە وەشاح داوای لێبوردنی كرد لەو قسانەی كردوونی و هۆكارەكەی بۆ “ساتی توڕەبوون و فشاری دەروونی” گەڕاندووەتەوە.
محەمەد سادق سەدر، یەكێك بوو لە مەرجەعە شیعییە دیارەكانی عێراق، بە بەرهەڵستیكردنی ڕژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن ناسرابوو.
سەدر لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لە ڕووداوێكدا كوژرا و ڕژێمەكەی سەدام بە ئەنجامدانی تۆمەتباركرا.