سەدر: هەوڵی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ڕێگرییە لە حكومەتی زۆرینە

ڕێبەری ڕەوتی سەدر هۆشداریی دەدات لە فشارەکانی سەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و هەوڵی گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، پێیوایە هەوڵەكە بۆ ڕێگریكردنە لە حكومەتی زۆرینە.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “دەستوەردان لە کاروباری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕەتدەکەینەوە و دژی ئەو فشارە سیاسی و ئەمنیيانە وەستاوین، کە دەکرێتەسەر کۆمسیۆن”.

سەدر هۆشداریداوە، کە هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستوەردان لەکاروباری دادوەری و دادگادا بکەن، بۆ گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن و پاشان پەسەندکردنی.

سەدر پێشی وایە هەوڵی دەستكاریكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە، كە “کەسانێک دەیانەوێت ئەنجامەكان بگۆڕن، تاوەكو بتوانن ڕکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی ڕێگرتن لە حکومەتی زۆرینە، کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی”.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، کاتی ڕاگەیاندنەکەی ئاشکراکرد، گوایە كۆتایی ئەم هەفتەیە ڕایدەگەیەنێت، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ فشارەکان لەسەری، کۆمسیۆن دەشڵێت، تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دراوە، گۆڕانکاریی دروستکردووە و شەش کورسی لە چەند پارێزگایەک گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق زۆر دواكەوت، ئەوەش بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی بەشێك لە لایەنە شیعییەكان، بەتایبەت لایەنەكانی نزیك لە ئێران لە ئەنجامەكان ڕازینەبوون و باسیان لە ساختەكاری دەكرد.

كۆمسیۆن دوای وەرگرتنی سكاڵاكان، ژماردنەوەی دەستیی بۆ زۆرێك لە سندوقەكان كرد و ئەنجامی ئەو وێستگانەشی هەڵوەشاندەوە كە دەنگی دووبارەیان تێدابوو و گومانیان لەسەربوو.

سەرەڕای ئەو ڕێكارانە، دیار نییە لایەنە شیعییە “دۆڕاوەكان” بە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن ڕازیدەبن، یان نا، بەو پێیەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر هاوپەیمانیی فەتح، كە گەورەترین هاوپەیمانیی ئەو لایەنانەیە سەر بە حەشدی شەعبین و گروپی چەكداریان هەیە و سەر بە ئێرانن، داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كرد.

بابەتی پێشتر

نانی بەیانی و دابەزاندنی كێش.. توێژینەوەیەك "فێڵە گەورەكە" ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

پۆڵەندا: ئەو شەیتانەی لەبەردەم دەرگای ئەوروپادایە دەیوەستێنین

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق 41 کەس دیپۆرت دەکاتەوە

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، 41 کەس دیپۆرتکرانەوە، بەهۆی ئەوەی پاسپۆرتەکانیان پێچەوانەی یاسای نیشتەجێبوونی عێراق بووە. بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی…
Total
0
Share