بەیانی ئەمڕۆ نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
هاوكات لە پەیجە فەرمییەكەیدا هاتووە، “بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركوك، ڕۆژی ھەینی کاتژمێر ١١ەی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکرد”.
ئەوەش هاتووە، “لەسەر وەسیەتی خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم تەرمی بەڕێزییان دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکی کاتی لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا ئەوکاتەی شاری کەرکوك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، ئەوكات بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوكی پیرۆز”.
سێشەممەی ڕابردوو بەرپرسی نووسینگەی پارێزگاری پێشووی كەركوك باسی لە سەرەتاكانی تووشبوونی ناوبراو بە جەڵتەی مێشك كرد و ڕایگەیاند، “22 ڕۆژ بەر لە ئێستا د. نەجمەدین کەریم تووشی جەڵتەی مێشك بووە لە ئەمریکا، بەڵام دواتر تەندروستیی باش بوو”.
بە وتەی نەشوان جەلال، تەندروستیی نەجمەدین كەریم لەم ماوەیەی دواییدا بەڕادەیەك باش بوو بوو، كە “بە تەلەفۆن لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی كورد دا قسەیكردووە، لەوانە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەمیل بایك و ساڵح موسلم و عوسمان بایدەمیر و چەندین كەسایەتی تر.”
بەڵام وەك بەرپرسی نووسینگەكەی ئاشكرایكرد، “ماوەی دوو ڕۆژە تەندروستیی نەجمەدین كەریم تێكچووە و لە واشنتن خراوەتە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکییەوە و باری تەندروستیی ناجێگیرە”.