سەرپەرشتیاری وەزارەتی “الامر بالمعروف و النهي عن المنكر”ی حكومەتەكەی تاڵیبان ڕایگەیاند، ڕێنمایی نوێ بۆ کاری ڕاگەیاندنەکان دەرچووە و بەپێی ئەو ڕێنماییە، ژنان چیتر ناتوانن لە شاشەی تیڤییەکانەوە دەربکەون.
محەمەد خالید حەنەفی، سەرپەرشتیاری وزارەتی “الامر بالمعروف و النهي عن المنكر” لە ڕاگەیەندراوێکدا بە چەند خاڵێک کاری تەلەڤزیۆنەکانی ئاشکراکردووە و بەپێی ئەو ڕێنماییە، “چیتر ڕێگەنادرێت بە پەخشکردنی فیلمێک کە لەگەڵ شەرعدا نەیەتەوە و ببێتە هۆی تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵگە، هەروەها بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی سەرگەرمی و ڕەخنەگرتن لە کەسایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نیمچە ڕووتی پیاوان قەدەغەیە”.
بە وتەی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی، ئەگەر ئەو ڕێنماییانە وەک خۆی جێبەجێبکرێت، ئەوا بەشێک لە تەلەڤزیۆنەکانی ئەفغانستان دەبێت دابخرێن، چونکە بەشێک لە تیڤییەکان داهاتیان لەڕێگای ڕیکلامی تەلەڤزیۆنییەوە دەستدەکەوێت، ڕیکلامەکانیش بەپێی ئەو ڕێنمایانە بڵاوکردنەوەیان قورسە.
بە وتەی حەمدوڵڵا واسق، جێگری وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، ئەمڕۆ ئەو ڕێنماییانە دراوە بە میدیاکان و وەزارەتی پەیوەندیدار سەرپەرشتی جێبەجێکردنەکەی دەکات.
ئەگەرچی لەسەرەتادا و دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان، دەسەڵاتی تاڵیبان ڕێگای دەدا بە ژنان کاری ڕاگەیاندن بکەن، بەڵام بەو ڕێنماییە نوێیە ئەو مافەی لێ زەوتكردن.
پێشبینی دەكرێت ئەو بڕیارانەی تاڵیبان ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی و دەرەكیی بكاتەوە، بەوەی مافی ژنان پێشێل دەکات.