پاش ئەو وێنەیەی تیایدا دەستی گرتووە
باوكە تاسەبارەكە وردەكاریی مردنی كچەكەی باسدەكات

وێنەكەیان لە زۆرینەی میدیاكان و سەرجەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەوە

مەسعود هانسەر، كە وێنەكەی جیهانی هەژاند و تیایدا دەستی كچەكەی لەژێر سەقفێكی دارووخاودا گرتووە، مردنی كچەكە 15 ساڵانەكەی ئاشكراكرد و وتی، ساتی روودانی بومەلەرزەكە مردووە و هیچ بوارێك نەبووە بۆ رزگاركردنی.

هانسەر لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (سی ئێن ئێن تورك) ئاشكرایكرد، ژمارەیەكی دیكەی ئەندامانی خێزانەكەی بەهۆی بومەلەرزە وێرانكەرەكەی باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریا لە دووشەممەی رابردوو لەدەستداوە.

روونیشیكردەوە، پاش سێ رۆژ لە رووداوەكە توانیویەتی بگاتە لای كچەكەی، بەر لە بومەلەرزەكە كچەكەی چووەتە مەڕەش (ناوەندی روودانی بومەلەرزەكە) بۆ سەردانی داپیرەی.

وتی، “بەتەنها چوومە ئەوێ و هەوڵمدا بە دەستی خۆم كچەكەم دەربهێنمەوە، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی رزگاریبكەم”.

هانسەر دەڵێت، بەشێك لە جەستەی (ئەرماك)ی كچی دیاربووە، لەكاتێكدا بەشی خوارەوە لەژێر داروپەردووەكەدا ماوەتەوە و، دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە بەرزكەرەوە بهێنن بۆ دەرهێنانەوەی تەرمەكەی.

ئەو دەڵێت، لەكاتێكی دواتردا پیاوێك هاریكاری كردووە بۆ دەرهێنانی تەرمی كچەكەی.

لەو رووداوەدا جگە لە كچەكەی، دایكی، دوو خوشك و هاوسەری یەكێكیانی لەدەستداوە، سەرەڕای ئەوەی بێ شوێن و جێ ماوەتەوە بەهۆی ئەوەی بومەلەرزەكە خانووەكەی خاپوور كردووە.

وێنەكە لە زۆرینەی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە كە لەلایەن وێنەگرێكی ئاژانسی فرانس پرێسەوە گیراوە و تیایدا هانسەر دەردەكەوێت كە دەستی كچەكەی گرتووە لەنێو ئەو داڕمانە گەورەیەی بەهۆی بومەلەرزەكەوە كەوتووەتەوە.

ئادەم ئەلتان-ی وێنەگر لەبارەی رووداوەكە و ئەو ساتەوە دەڵێت، “ئەوكات كاریگەریی زۆری كردەسەرم. چاوەكانم پڕبوون لە فرمێسك. بە خۆمم دەوت، خوایە گیان ئەم ئازارە بێسنوورە”.

وێنەگرەكە وتیشی، “بە ئەستەم قسەم لەگەڵكرد. بە دەنگێكی زۆر نزم. دژوار بوو پرسیاری دیكەی لێبكەم، چونكە دانیشتووانەكانی دەوروبەری داوایان دەكرد بێدەنگی بكەین تا بتوانن گوێیان لە دەنگی رزگاربووانی دیكەی گەمارۆدراوی ژێر داروپەردووەكان بێت”.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر کەسێک لەلایەن ماڵ خەزورییەوە کوژرا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە عەبدوللـەتیف ئەحمەد کرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

میدیای ئیسرائیل: بودجە بۆ زیاتركردنی توانای كردنەئامانجی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تەرخانكرا

حكومەتی ئیسرائیل ڕەزامەندییدا لەسەر بودجەی تایبەت بە زیاتركردنی تواناكانی بۆ كردنەئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران. كەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاشكراكرد،…
Total
0
Share