بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیی لیبیا 30 كه‌س خۆیان كاندید كردووه‌

ژماره‌ى كاندیدانى سه‌رۆكایه‌تیی لیبیا به‌رزبووه‌وه‌ بۆ 30 كاندید و بڕیاره‌ سبه‌ى ده‌رگاى خۆ پاڵاوتن بۆ ئه‌و پۆسته‌ دابخرێت.

كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانى لیبیا ڕایگه‌یاندووه‌، سبه‌ینێ ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تیی وڵاته‌كه‌ى داده‌خرێت كه‌ بڕیاره‌ له‌ 24ى كانونى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

ئاشكراشیكردووه‌، دوێنێ حه‌وت كه‌سی دیكه‌ له‌ نوسینگه‌كانى كۆمسیۆن خۆیان كاندیدكردووه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ له‌ ته‌رابلوس، به‌نغازى و سه‌بها كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌قیبه‌ ساڵح، وه‌زو عه‌بدوڵڵا بوزاویه‌، عه‌لی به‌شیر و به‌شیر ساڵح له‌ دیاترین ئه‌و كه‌سانه‌ن.

پێشتریش هه‌ریه‌ك له‌ سه‌یفولئیسلام قه‌زافی كوڕه‌گه‌وره‌ى موعه‌مه‌ر قه‌زافی سه‌رۆكی پێشووى لیبیا و خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر فه‌رمانده‌ى سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ خۆیان كاندید كردبوو.

عیماد سایح، سه‌رۆكى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى لیبیا ڕایگه‌یاندبوو، ده‌رگاى خۆپاڵاوتن بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیی و په‌رله‌مان له‌ 8ی مانگه‌وه‌ تاوه‌كو 22 مانگ كراوه‌ ده‌بێت.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، له‌ دواى ڕوخانى ڕژێمى پێشووى لیبیا له‌ ساڵى 2011 و شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ لیبیا به‌ڕێوه‌بچێت.

بابەتی پێشتر

ئینستگرام دوو تایبه‌تمه‌ندى نوێ تاقیده‌كاته‌وه‌

بابەتی دواتر

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ڕێژەی هەژاری و بێکاری ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share