مه‌كته‌بی سیاسيی یه‌كێتى په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی-یه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى هاتووه‌،”ڕۆژی شەھیدی یەکێتی ڕۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری کەسوکاری شەھیدان، لەدایک و باوك، کچ و کوڕ، خوشك و برا و نەوەکانیان کە ئەرکی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمە وەك بەرھەمی خوێنی شەھیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بکات”.

هه‌روەها باسله‌وه‌شكراوه‌، “ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەکەسوکاری شەھیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەکانی حزب و حکومەتدا کاران”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى:

كاروانی دوورودرێژی خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان پڕه‌ له‌ قوربانی ‌و گیانفیدایی، له‌ناو ئه‌و كاروانه‌ دوور و درێژە‌دا وێستگه‌ی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت ‌و له‌نێو یه‌كێتیشدا شه‌هیدان دوندی قه‌ندیلی خه‌بات ‌و سەفینی لە بن نەھاتووی گیانبازی ‌و قوربانیدانن .  ، 21/11 رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی ‌و بۆنه‌ی وه‌فاداری ‌و به‌رزراگرتنی یاد ‌و یاده‌وه‌رییانه‌.

ئه‌مڕۆژە رۆژێكی ره‌مزی ‌و ناونیشانی سه‌رمه‌شقی شه‌هاده‌ته‌ كه‌ رۆژی داستانی سێ كوچكه‌ی (كه‌م بژی ‌و كه‌ڵ بژی)، رۆژی له‌ سێداره‌دانی شه‌هیدان خاڵه‌ شیهاب ‌و ‌ئەنوەر و جه‌عفه‌ره‌، رۆژێکی شایانە و رۆژ نییه‌ له‌ ته‌قویمی رۆژه‌كانی كوردستاندا كه‌ یه‌كێتی شه‌هیدی نه‌دابێ ‌و بستێ زه‌وی نه‌ماوه‌ له‌م نیشتمانه‌ كه‌ به‌ خوێنی ئاڵی شه‌هیدێكی یه‌كێتی ئاو نه‌درابێ.

هه‌موو رۆژێك ‌و هه‌موو شوێنێك رۆژ ‌و شوێنی شه‌هاده‌ته‌ بۆ حزبی شه‌هیدان.

تۆماری کاروانی چل و شەش ساڵەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تۆمارێكی گشتگیری کوردستانی ئه‌وتۆیه‌ كه‌ نه‌خشه‌ی هه‌موو نیشتمانی گرتۆته‌وه‌، لەگەرمیان تا کوێستان، لە بادینان تا سۆران و بگرە کوردستانی سەرتاسەریش. شه‌هیدی یەکێتی لە ھەموو شوێنێكی وڵاتەکەمان یادگاری خوێن و خەبات و رەنجی بە خەسارنەچووی تێکۆشانی یەکێتییەکەمانە بۆ رزگاری و دیموکراسی و مافی چارەنووس.

ئەو قارەمانانە بە شەھیدی ناودار و گومناوەوە، بە شەھیدی مەزاری پڕشکۆ و شەھیدی گۆڕ غەریبەوە شایەتی تێکۆشانی ھەمەلایەنن لە ھەموو بۆنە و دەرفەتەکانی خەباتدا، لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی سەرەتای شۆڕشەوە بۆ دوا گیانبازی دژی تیرۆریستان لە عیراقی فیدراڵدا:

شەھیدی سه‌نگه‌ری داكۆكی لە ئاواییە ئازادکراوەکانی شۆڕش، شه‌هیدی هێرشی نه‌به‌ردی ‌و داستانی پێشمه‌رگانه‌، شه‌هیدی مقاوەمەتی زیندان و به‌ر په‌تی سێداره‌، شه‌هیدی رێكخستنی نهێنی ‌و چالاکی ناو شەقام و کۆڵانەکانی شارەکان. شەھیدی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران و لاوان دژی سەرکوت و حوکمی فاشستەکان، شه‌هیدی راماڵینی سوپای بەعس لە راپەڕین و رزگاری یه‌كجاری كوردستان ‌و عیراق له‌ پڕۆسه‌ی ئازادی عیراقدا، شه‌هیدی ده‌ستی تیرۆر ‌و نه‌به‌ردییه‌كانی پاراستنی كوردستان ‌و عیراق له‌ تیرۆری قاعیده‌ ‌و داعش ‌و مانه‌نده‌كانیان.

له‌م ده‌فته‌ری شانازییه‌ی کوردایەتییدا ھەموو چین و توێژەکانی کوردەواری پشکیان ھەبوو: شه‌هیدانی سه‌ركرده‌ ‌و فه‌رمانده‌، شه‌هیدانی ژنان ‌و كچانی رێكخستن، خه‌باتی پیشه‌یی ‌رەنجدەران و كرێكاران ‌و خوێندكاران ‌و لاوان، شه‌هیدانی به‌ كۆمه‌ڵی قه‌سابخانه‌كانی به‌عس له‌ موسڵ ‌و كه‌ركوك ‌و به‌غدا، قوربانیان ‌و شه‌هیدانی بێ تاوانی ئه‌نفال ‌و كیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەسفیر چیرۆكێكی سه‌ربه‌رزانه‌ی موقاوه‌مه‌ت ‌و مانه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌گێرنەوە.

رۆژی شەھیدی یەکێتی رۆژی سوپاسگوزارییە بۆ خۆڕاگری کەسوکاری شەھیدان، لەدایک و باوك، کچ و کوڕ، خوشك و برا و نەوەکانیان کە ئەرکی یەکێتی و حکومەتی ھەرێمە وەك بەرھەمی خوێنی شەھیدان، خزمەتی زیاتر و زیاتریان بکات. ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە چەندین نەوە لەکەسوکاری شەھیدان پێگەیشتوون و لە دامەزراوەکانی حزب و حکومەتدا کاران و دەتوانن ھەم پەرژینی پاراستنی حزبی شەھیدان و بەرھەمی خەباتەکەیان بن و ھەمیش دەتوانن لۆبی پارێزگاری لە ماف و لەناو و ناوبانگی مەعنەوی و ماددی شەھیدانی سەربەرز بن.

رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی جۆشدانه‌وه‌ی خه‌باتی ره‌وای یه‌كێتی ‌و گه‌له‌كه‌مانه‌ له‌پێناوی مافه‌كانی، له‌ڕێی رزگاری ‌و دادپه‌روه‌ری ‌و دیموكراسیدا. رۆژی مشتوماڵكردن ‌و پوختكردنه‌وه‌ی خه‌باتی یه‌كێتییانەیە بۆ ئه‌وه‌ی باقی ئه‌و مافانه‌ به‌دیبھێنن كه‌ شه‌هیدانمان خوێنیان له‌پێناویا به‌خشی ‌و ژیانی خۆیانیان پێ هه‌رزان بوو له‌ ئاستی ویستی گەورەی بەدەستھێنانیدا.

جێی خۆشێتی له‌م رۆژه‌دا وێڕای دانه‌واندنی سه‌ری رێز ‌و نه‌وازش له‌ ئاستی مه‌زنایه‌تی شه‌هیده‌كانی حزبی شه‌هیدان بە رابه‌رایەتی سەرۆك مام جه‌لال، سه‌ری یه‌كێتییه‌كه‌مان به‌ به‌رزی ‌و بڵندی ئه‌م مێژووه‌ رابگرین ‌و ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانمان له‌ ئاشتی، ئازادی، دیموكراتی ‌و مافی چاره‌نووس قۆناغبه‌ندی بكه‌ین ‌و خۆمانی بۆ جۆشبدە‌ینه‌وه‌.

نه‌مری بۆ شه‌هیدان له‌ رۆژی شه‌هیداندا

به‌رز ‌و به‌ڕێز بێت یاد ‌و یاده‌وه‌رییان له‌ دڵ و ده‌روونی گه‌له‌كه‌ماندا

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی

نیشتمانیی كوردستان

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) دۆرتمۆند لە شتوتگارتی بردەوە و جیاوازییەکەی کردەوە بە خاڵێک

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یونایتد بە واتفۆردی دۆڕاند و وێستهام ڕێگەی بۆ لیڤەرپوڵ چۆڵکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ماتۆڕسكیلی بێسەرەتا لە سلێمانی درێژەی هەیە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا بەردەوامە. بەڕێوەبەرایەتیەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان…
Total
0
Share