لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا، هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەو گروپانە دەكات كە لێیەوە نزیكن و دەڵێت، “دژی هەر لایەنێك دەوەستینەوە سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق پێشێلبكات”.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا جەختیكردەوە كە پابەندیی وڵاتەكەی بەرامبەر بە ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزە و ئاشكرایكرد، ئەمریكا هەوڵی كۆكردنەوەی “تێكەڵەیەكی گونجاوی هێز” دەدات لەپێناو بەرپەرچدانەوەی ئێران و هاوپەیمانەكانی”.
ئەم قسانەی وەزیری بەرگریی ئەمریكا، لەمیانەی وتارێكیدا بوون كە ئەمڕۆ شەممە لە 17یەمین كۆنگرەی گفتوگۆی مەنامە لە بەحرەین پێشكەشیكرد.
كۆنگرەكە تایبەتە بە تاوتوێكردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، لەو بارەیەوە وەزیری بەرگریی ئەمریكا وتی، “بەرگری لە بەرژەوەندییەكانمان لە ناوچەكەدا دەكەین و تێكەڵەیەكی گونجاوی هێز كۆدەكەینەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، هێزەكانمان لە ئێران و بریكارەكانی دەپارێزین، ئەمریكا هێزی زۆری لە ناوچەكەدا هەیە و ئەگەر پێویست بێت هێزی زیاتریش دەهێنین”.
لوید ئۆستن جەختیكردەوە كە ئەمریكا لەگەڵ هاوبەشەكانیدا كاردەكات بۆ ئەوەی داعش نەگەڕێتەوە بۆ عێراق و سوریا و وتی، “واشنتن پاڵپشتی لە سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق دەكات و دژی هەر لایەنێك دەوەستێتەوە كە بیەوێت ئەو دوو بنەمایە پێشێلبكات”.